[1] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[2] «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.
[3] «لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین.
[4] بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن.
[5] بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە.
[6] بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»
[7] منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.
[8] بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[9] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
[10] «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“
[11] بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“ «من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.
[12] «ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت.
[13] منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت.
[14] هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.
[15] «ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم.
[16] چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
[17] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[18] «ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە.
[19] بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی.
[20] شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»
[21] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[22] «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟
[23] لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی،
[24] چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت.
[25] بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
[26] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
[27] «ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“
[28] «لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»