Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:28

[1] گەورەی بنەماڵەکانی خێڵی نەوەی گلعادی کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە کە لە خێڵەکانی نەوەی یوسفن، هاتنە پێش و لەبەردەم موسا و بەردەم گەورەی بنەماڵەکانی نەوەی ئیسرائیل دوان و

[2] گوتیان: «کاتێک یەزدان فەرمانی بە گەورەم کرد، کە خاکەکە بە میرات بە تیروپشک بداتە نەوەی ئیسرائیل، هەروەها فەرمانی پێ کردیت کە میراتەکەی سەلۆفحادی برامان بدەیتە کچەکانی.

[3] جا ئەگەر گریمان بوونە ژنی پیاوێک لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان لە میراتی باوکانمان دەبردرێت و دەخرێتە سەر میراتی ئەو هۆزە کە بۆ ئەوان بوون، جا بەشێک لە تیروپشکی میراتەکەمان دەبردرێت.

[4] کاتێک بووە ساڵی یۆبیل بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوا میراتەکەیان دەچێتە سەر میراتی ئەو هۆزەی کە بۆیان بوون و لە میراتی هۆزی باوکانمان میراتیان دەبردرێت.»

[5] جا موسا بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و گوتی: «هۆزی نەوەی یوسف ڕاستیان گوت.

[6] یەزدان فەرمانی ئەمەی کرد سەبارەت بە کچانی سەلۆفحاد و فەرمووی، ئەوەی ئەوان پێیان خۆشە با شووی پێ بکەن، بە مەرجێک لە خێڵی هۆزی باوکانیان بێت.

[7] میراتی نەوەی ئیسرائیل لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی هۆزی باوکانی دەبێت.

[8] هەر کچێکیش لە هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل میراتی وەرگرت، ئەوا دەبێتە ژنی یەکێک لە خێڵی هۆزی باوکی، هەتا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە ببێتە میراتگری میراتی باوکانی.

[9] هیچ میراتێک لە هۆزێکەوە بۆ هۆزێکی دیکە ناگوازرێتەوە، بەڵکو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەکە پابەندی میراتی خۆی دەبێت.»

[10] وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، کچانی سەلۆفحاد ئاوایان کرد.

[11] مەحلە و تیرزە و حۆگلە و میلکە و نۆعا کە کچانی سەلۆفحادن بوونە ژنی ئامۆزاکانیان؛

[12] بوونە ژن لە خێڵەکانی نەوەی مەنەشەی کوڕی یوسف، ئیتر میراتەکەیان لە خێڵ و هۆزی باوکانیان مایەوە.

[13] ئەمە ئەو فەرمان و ڕێسایانەیە کە یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کرد، بە دەستی موسا لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا.

سەرژمێری — Chapters