[1] کۆمەڵ هەموو دەنگیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد و ئەو شەوە گەل گریان.
[2] هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستیان بە بۆڵەبۆڵ کرد بەسەر موسا و هارون و هەموو کۆمەڵ، پێیان گوتن: «خۆزگە لە میسر دەمردین! خۆزگە لە چۆڵەوانیدا دەمردین!
[3] بۆچی یەزدان ئێمە دەهێنێتە ئەم خاکە بۆ ئەوەی بە شمشێر بکوژرێین و ژن و منداڵمان بە تاڵان ببردرێن؟ ئایا باشتر نییە بگەڕێینەوە میسر؟»
[4] جا بە یەکتریان گوت، «سەرۆکێک بۆ خۆمان دادەنێین و دەگەڕێینەوە میسر.»
[5] ئینجا موسا و هارون بەسەر ڕوویاندا کەوتن لەبەردەم هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەوێ کۆببوونەوە.
[6] یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونەش لەوانە بوون کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو، جلەکانی خۆیان دڕاند و
[7] لەگەڵ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین خاکێکی زۆر زۆر باشە،
[8] ئەگەر یەزدان پێمان دڵشاد بێت ئەوا دەمانباتە ناو ئەو خاکەی پێمان دەدات، خاکێک کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
[9] بەڵام لە یەزدان یاخی مەبن و لە گەلی ئەو خاکە مەترسن، چونکە خواردنی ئێمەن، ئەوەتا سێبەریان نەماوە و یەزدان لەگەڵمانە، لێیان مەترسن.»
[10] بەڵام هەموو کۆمەڵ گوتیان، با ئەو دووانە بەردباران بکرێن. ئینجا شکۆمەندی یەزدان لە چادری چاوپێکەوتندا بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل دەرکەوت.
[11] یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئەم گەلە سووکایەتیم پێ دەکەن و هەتا کەی باوەڕم پێ ناکەن، سەرباری ئەو هەموو نیشانانەی لەنێویاندا کردم؟
[12] من تووشی دەردیان دەکەم و لەناویان دەبەم، بەڵام تۆ دەکەمە گەلێکی گەورەتر و مەزنتر لەوان.»
[13] موساش بە یەزدانی گوت: «ئینجا میسرییەکان کە تۆ بە دەسەڵاتی خۆت ئەم گەلەت لەنێویان دەرهێنا گوێیان لێ دەبێت و
[14] بە دانیشتووانی ئەم خاکەی دەڵێن. ئەی یەزدان، ئەوانەی گوێیان لێبووە تۆ لەنێو ئەم گەلە دایت. ئەی یەزدان، تۆ ڕوو بە ڕوو بۆیان دەرکەوتیت و هەورەکەت لەسەریان وەستاوە و تۆش بە ستوونی هەور بە ڕۆژ و بە ستوونی ئاگر بە شەو پێشیان دەکەویت.
[15] ئەگەر ئەم گەلە لە هەمان کاتدا بکوژیت ئەوا نەتەوەکان کە گوێیان لە هەواڵت بووە، دەڵێن،
[16] ”چونکە یەزدان نەیتوانی بیانباتە ئەو خاکەی کە سوێندی بۆیان خواردبوو، ئیتر لە چۆڵەوانی کوشتنی.“
[17] «ئێستاش با توانای پەروەردگار مەزن بێت هەروەک فەرمووت:
[18] ”یەزدان پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە، لە گوناه و یاخیبوون خۆشدەبێت، بەڵام تاوانبار ئەستۆپاک ناکات، بەڵکو لەسەر تاوانی باوکان سزای نەوەکان دەدات هەتا نەوەی سێیەم و چوارەم.“
[19] تکایە لە گوناهی ئەم گەلە خۆشبە، ئەوەندەی مەزنی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت، وەک چۆن لەم گەلە خۆشبوویت لە میسرەوە هەتا ئێرە.»
[20] یەزدانیش فەرمووی: «لەسەر داواکەت لێیان خۆشبووم.
[21] بەڵام بە گیانی خۆم و بەو شکۆمەندییەی یەزدانیش کە هەموو جیهان پڕ دەکاتەوە،
[22] تەنها یەکێکیش لەو پیاوانەی شکۆمەندی من و ئەو نیشانانەی بینیبێت کە لە میسر و لە چۆڵەوانی کردم و هەتا ئێستا دە جار تاقییان کردمەوە و گوێیان لە قسەکانم نەگرت،
[23] تەنها یەکێکیش لەوانە ئەو خاکە نابینێت کە سوێندم بۆ باوکانیان خوارد. هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ کردووم نایبینن.
[24] بەڵام کالێبی بەندەم لەبەر ئەوەی ڕۆحێکی دیکەی لەگەڵدا بوو و بە تەواوی دوام کەوت، ئەوا دەیبەمە ناو ئەو خاکەی بۆی چوو و دەبێتە میرات بۆ نەوەکەی.
[25] لەبەر ئەوەی عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لە دۆڵ نیشتەجێن، ئێوە بەیانی لە ڕێگای دەریای سوورەوە بڕۆن و بەرەو چۆڵەوانی بەڕێ بکەون.»
[26] هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
[27] «هەتا کەی ئەم کۆمەڵە بەدکارە بۆڵەبۆڵەکەرە لە دژم دەوەستن؟ من گوێم لە بۆڵەبۆڵی نەوەی ئیسرائیل بوو کە لەسەر من دەیکەن.
[28] پێیان بڵێ: ”یەزدان دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، وەک ئەوەی کە لە ئێوەوە گوێم لێ بوو، ئاواتان لێدەکەم.
[29] لەم چۆڵەوانییە لاشەکانتان دەکەوێت، هەموو تۆمارکراوەکانتان بەگوێرەی سەرژمێریتان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە لەوانەی بۆڵەبۆڵیان لە دژم کرد،
[30] ناچنە ناو ئەو خاکەی کە سوێندم خوارد تێیدا نیشتەجێتان بکەم، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.
[31] بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە نێچیر، ئەوا من دەیانبەمە ناوی و شارەزای ئەو خاکە دەبن کە ئێوە ڕەتتان کردەوە.
[32] جا لاشەکانی ئێوە لەم چۆڵەوانییە دەکەوێت.
[33] منداڵەکانیشتان بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی دەبنە شوان و ئازار دەچێژن بۆ بێوەفاییتان هەتا دواهەمین لاشەکانتان لە چۆڵەوانیدا کۆتایی پێدێت.
[34] وەک ژمارەی ئەو ڕۆژانەی سیخوڕی خاکەکەتان کرد کە چل ڕۆژ بوو، بۆ هەر ڕۆژێک ساڵێک، چل ساڵ گوناهەکانتان هەڵدەگرن و تێدەگەن دژایەتیکردنی من چۆنە.“
[35] من یەزدانم و فەرمانم کرد، دەبێت ئاوا لە هەموو ئەم کۆمەڵە بەدکارە ڕێککەوتووەی لە دژی خۆم بکەم، لەم چۆڵەوانییە لەناودەچن و دەمرن.»
[36] بەڵام ئەو پیاوانەی موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە، هاتنەوە و هەموو کۆمەڵیان لێ هاندا بەوەی هەواڵی خراپیان لەسەر خاکەکە بڵاوکردەوە،
[37] ئەو پیاوانە لەبەردەم یەزدان بە دەرد مردن، لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی خراپ لەسەر خاکەکە.
[38] بەڵام یەشوعی کوڕی نون و کالێبی کوڕی یەفونە لەو پیاوانە بوون کە بۆ سیخوڕی خاکەکە چووبوون و ژیان.
[39] کاتێک موسا باسی ئەم قسانەی بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل کرد، گەل دەستیان بە شیوەن کرد.
[40] ئینجا بەیانی زوو هەستان و چوونە سەرەوە بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە و گوتیان: «ئەوەتا ئێمە دەچینە ئەو شوێنەی یەزدان بەڵێنی داوە، چونکە ئێمە گوناهمان کرد.»
[41] موساش گوتی: «بۆچی لە فەرمانی یەزدان دەردەچن، ئەمە سەر ناگرێت!
[42] مەڕۆن، چونکە یەزدان لەنێوتاندا نییە، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن،
[43] چونکە عەمالێقییەکان و کەنعانییەکان لەوێن، لەپێشتانن و بە شمشێر دەکوژرێن، ئێوە لە یەزدان هەڵگەڕانەوە و یەزدان لەگەڵتاندا نابێت.»
[44] بەڵام ئەوان خۆیان هەڵکێشا و بەرەو بەرزاییەکانی ناوچە شاخاوییەکە سەرکەوتن، نە سندوقی پەیمانی یەزدان و نە موساش لە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە دەرنەچوون.
[45] جا عەمالێقییەکان و کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو ناوچە شاخاوییانە هاتنە خوارەوە و هەتا حۆرما لە ئێوەیان دا و تێکیان شکاندن.