Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:06

[1] یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «دوو کەڕەنا لە زیوی کوتراو بۆ خۆت دروستبکە، بۆ بانگکردنی کۆمەڵ و بۆ بەڕێکەوتنی ئۆردوگاکان.

[3] ئەگەر هەردووکیان لێدران ئەوا هەموو کۆمەڵ بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەلات کۆدەبنەوە،

[4] ئەگەر تەنها یەکێکیان لێدرا ئەوا سەرکردەکان لەلات کۆدەبنەوە، کە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.

[5] ئەگەر وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون،

[6] ئەگەر دووبارە وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێتاندا ئەوا ئەو ئۆردوگایانەی لەلای باشوور چادریان هەڵداوە بەڕێ دەکەون، بۆ بەڕێکەوتنەکانیان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن.

[7] کاتێک کۆمەڵ کۆدەکەنەوە ئەوا کەڕەنا لێدەدەن، بەڵام وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە ناکەن.

[8] «کوڕانی هارونی کاهین کەڕەناکان لێدەدەن، جا بۆتان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکانتان.

[9] ئەگەر لە خاکی خۆتان بۆ جەنگ چوونە سەر دوژمنێک کە ستەمتان لێدەکات، ئەوا کەڕەناکان وەک نیشانەی ئاگادارکردنەوە لێدەدەن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان یاد دەکرێنەوە و لە دوژمنەکانتان ڕزگارتان دەبێت.

[10] هەروەها لە ڕۆژی خۆشیتان و لە جەژن و لە دەستپێکی مانگی نوێتان کەڕەناکان لێدەدەن، لەسەر قوربانی سووتاندنەکانتان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان، جا دەبێتە یادەوەریتان لەبەردەم خودایەکەتان. من یەزدانی پەروەردگارتانم.»

[11] لە بیستی مانگی دووی ساڵی دووەمدا هەورەکە لەسەر چادری پەیمان بەرزبووەوە.

[12] جا نەوەی ئیسرائیل لە قۆناغەکەیان لە چۆڵەوانی سیناوە بەڕێکەوتن و هەورەکە لە چۆڵەوانی پاران نیشتەوە.

[13] بەپێی فەرمانی یەزدان و لە ڕێگەی موساوە بۆ یەکەمین جار دەستیان بە کۆچەکەیان کرد.

[14] لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی یەهودا بەگوێرەی لەشکرەکانیان یەکەم جار بەڕێکەوتن و نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب سوپاسالاریان بوو.

[15] سەرلەشکری هۆزی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر بوو،

[16] سەرلەشکری هۆزی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆن بوو.

[17] ئینجا چادرەکەی پەرستن هەڵگیرایەوە و نەوەی گێرشۆن و نەوەی مەراری چادرەکەی پەرستنیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن.

[18] لەدوای ئەوان لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای ڕەئوبێن بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور سوپاسالاریان بوو.

[19] سەرلەشکری هۆزی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای بوو،

[20] سەرلەشکری هۆزی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل بوو.

[21] ئینجا قەهاتییەکان شتە پیرۆزکراوەکانیان هەڵگرت و بەڕێکەوتن، هەتا گەیشتن چادرەکەی پەرستن هەڵدرابوو.

[22] ئینجا لەژێر بەیداخەکەیان نەوەی ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەڕێکەوتن و ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود سوپاسالاریان بوو،

[23] سەرلەشکری هۆزی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور بوو،

[24] سەرلەشکری هۆزی نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی بوو.

[25] لە کۆتاییدا لەژێر بەیداخەکەیان ئۆردوگای نەوەی دان بەڕێکەوت و پاشڕەو و پاسەوانی هەموو ئۆردوگاکان بوو، بەگوێرەی لەشکرەکانیان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سوپاسالاریان بوو.

[26] سەرلەشکری هۆزی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخران بوو.

[27] سەرلەشکری هۆزی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینان بوو.

[28] ئەمە ڕێکخستنی نەوەی ئیسرائیلە بە لەشکرەکانیانەوە کاتێک بەڕێکەوتن.

[29] موسا بە حۆڤاڤی کوڕی ڕەعوئێلی میدیانی گوت، کە ڕەعوئێل خەزووری موسا بوو: «ئێمە دەچین بۆ ئەو شوێنەی یەزدان فەرمووی: ”پێتانی دەدەم.“ لەگەڵمان وەرە و بۆت باش دەبین، چونکە یەزدان بەڵێنی داوە بۆ ئیسرائیل چاک دەبێت.»

[30] ئەویش پێی گوت: «ناڕۆم، بەڵکو بۆ لای خاکی خۆم و گەلی خۆم دەچم.»

[31] جا موسا گوتی: «تکایە بەجێمان مەهێڵە، لەبەر ئەوەی شارەزایت لە چۆڵەوانی لەکوێ چادر هەڵبدەین، ببە بە چاو بۆمان.

[32] ئەگەر لەگەڵمان بێیت، ئەوا بەو چاکەیەی یەزدان لەگەڵ ئێمەی دەکات، ئێمەش چاکەت لەگەڵدا دەکەین.»

[33] جا لە کێوی یەزدانەوە بۆ سێ ڕۆژە ڕێ بەڕێکەوتن و سندوقی پەیمانی یەزدانیش سێ ڕۆژە ڕێ پێشیان کەوتبوو، هەتا بۆ پشوودان نشینگەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.

[34] هەوری یەزدانیش بە ڕۆژ بەسەریانەوە بوو، کاتێک لە ئۆردوگاوە بەڕێکەوتن.

[35] لە کاتی بەڕێکەوتنی سندوقەکەش موسا دەیگوت: «هەستە یەزدان! با دوژمنانت پەرتەوازە بن و ناحەزانت لەبەردەمت هەڵبێن.»

[36] لە کاتی چادرهەڵدانیش دەیگوت: «بگەڕێوە یەزدان، بۆ لای هەزاران هەزارانی ئیسرائیل.»

سەرژمێری — Chapters