Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:21

[1] مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی خواستبوو.

[2] جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.

[3] موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.

[4] جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە.

[5] یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون.

[6] جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن: «کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە، ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم، لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.

[7] بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە، بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،

[8] ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم، بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ، شێوەی یەزدان دەبینێت. ئیتر بۆچی نەترسان کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»

[9] جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.

[10] کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە.

[11] هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد،

[12] تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»

[13] موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»

[14] یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.»

[15] جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.

[16] پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.

سەرژمێری — Chapters