Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:16

[1] یەزدان بە هارونی فەرموو: «تۆ و کوڕەکانت و بنەماڵەکەت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە پیرۆزگا دەکرێت، تۆ و کوڕەکانت ئۆباڵی ئەو گوناهانە هەڵدەگرن کە لە کاهینیێتییەکەتان دەکرێت.

[2] هەروەها براکانت، هۆزی لێڤی، هۆزی باوکت، لە خۆت نزیک بکەوە، ئینجا بە تۆوە پابەند دەبن و پاڵپشتی تۆ و کوڕەکانت دەکەن لەبەردەم چادری پەیمان.

[3] ئەوان بەردەستی خۆت و هەموو کاروباری چادرەکە دەکەن، بەڵام لە قاپوقاچاغی پیرۆزگاکە و لە قوربانگاکە نزیک ناکەونەوە، نەوەک ئەوان و ئێوەش، هەمووتان بمرن.

[4] پابەندت دەبن و بەرپرسیاریش دەبن لە پارێزگاری چادری چاوپێکەوتن لەگەڵ هەموو خزمەتی چادرەکە، هیچ کەسێکی دیکەش لێتان نزیک ناکەوێتەوە.

[5] «بەڵکو ئێوە بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری پیرۆزگاکە و قوربانگاکە، تاکو جارێکی دیکە تووڕەیی نەیەتە سەر نەوەی ئیسرائیل.

[6] من خۆم لێڤییەکانی براتانم لەنێو نەوەی ئیسرائیل هەڵبژارد و دامەوە ئێوە، بۆ یەزدان تەرخانکراون تاکو خزمەتەکەی چادری چاوپێکەوتن بەجێبگەیەنن.

[7] تەنها تۆ و کوڕەکانت لەگەڵت خزمەتی کاهینیێتی دەکەن، لەگەڵ هەموو ئەوەی پەیوەندی بە قوربانگاکە هەیە و ئەوەی لەناو پەردەکەیە دەپارێزن. کاهینیێتی پێدراوێکی تایبەت بە ئێوەیە و پێمداون و هەرکەسێکی دیکە ئەوەی لە پیرۆزگا نزیک بکەوێتەوە دەکوژرێت.»

[8] یەزدان بە هارونی فەرموو: «ئێستا من بەرپرسیاریێتی پێشکەشکراوەکان کە بۆ منی بەرز دەکەنەوە داومەتە تۆ، هەموو پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل، دەیدەمە خۆت و کوڕەکانت وەک بەشە کاهینیێتیتان و بەشێکی چەسپاوە.

[9] ئەم بەشە بۆ تۆ دەبێت لە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان ئەوەی لە ئاگر دەپارێزرێت. لە هەموو قوربانییەکانیان و هەموو پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەیان و هەموو قوربانییەکانی گوناهیان و هەموو قوربانییەکانی تاوانیان کە بۆ منی دەهێنن، ئەو بەشە هەرەپیرۆزە بۆ تۆ و بۆ کوڕەکانتە.

[10] وەک شتێکی هەرەپیرۆز دەیخۆیت، هەموو نێرینەیەک لێی دەخوات، بۆ تۆ پیرۆز دەبێت.

[11] «ئەوەی لە بەخشین و قوربانی بەرزکردنەوەی ئیسرائیلییەکان بەلاوەدەنرێت، بۆ تۆیە. بەشێکی چەسپاوە داومەتە تۆ و کوڕ و کچەکانت. ئیتر هەموو کەسێک لە ماڵەکەت کە بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.

[12] «باشترین زەیت و باشترین شەراب و باشترین دانەوێڵە، یەکەمین بەرهەمەکانیان کە بە یەزدانی دەدەن، من هەموویم داوەتە تۆ،

[13] یەکەمین بەرهەمی هەموو شتێکی زەوییەکەیان کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن بۆ تۆ دەبێت، هەموو کەسێک لە ماڵەکەت ئەوەی بەپێی ڕێوڕەسم پاکە لێی دەخوات.

[14] «هەموو تەرخانکراوێک بۆ یەزدان لە ئیسرائیل بۆ تۆ دەبێت،

[15] هەر نۆبەرەیەکی سک کە پێشکەشی یەزدانی دەکەن لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، بۆ تۆ دەبێت، بەڵام پێویستە کوڕە نۆبەرەی مرۆڤ و نۆبەرە نێرینەی ئاژەڵی گڵاویش بکڕیتەوە.

[16] پێویستە لە تەمەنی یەک مانگییەوە بیانکڕیتەوە، نرخی کڕینەوەش پێنج شاقل لە زیو بەگوێرەی خەمڵاندنی شاقلی پیرۆزگا، کە بیست گێرایە .

[17] «بەڵام پێویستە نۆبەرەی مانگا و مەڕ و بزن نەکڕیتەوە، ئەوان پیرۆزن و خوێنەکەیان بەسەر قوربانگاکەدا دەڕژێنیت و پیوەکەیان دەسووتێنیت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[18] گۆشتەکەشی بۆ تۆ دەبێت وەک سنگی قوربانی بەرزکردنەوە و ڕانی ڕاستە.

[19] هەرچییەک کە بەلاوە دەنرێت لە پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەشێکی چەسپاو داومە بە تۆ و کوڕ و کچەکانت، دەبێتە پەیمانی نمەک بۆ تۆ و نەوەکەت کە هەتاهەتایە لەبەردەم یەزدان دەچەسپێت.»

[20] هەروەها یەزدان بە هارونی فەرموو: «لە زەوییەکەیان هیچ میراتت بەرناکەوێت و لەنێویان بەشت نابێت، لەنێو نەوەی ئیسرائیل من بەش و میراتی تۆم.

[21] «بەڵام نەوەی لێڤی لەبری ئەو خزمەتەی دەیکەن، خزمەتی چادری چاوپێکەوتن، ئەوا من لە ئیسرائیل وەک میرات هەموو دەیەکێکم پێداون.

[22] لە ئێستا بەدواوە نەوەی ئیسرائیل لە چادری چاوپێکەوتن نزیک ناکەونەوە، هەتا گوناهێک هەڵبگرن کە بۆ مردن بێت،

[23] بەڵکو لێڤییەکان خزمەتی چادری چاوپێکەوتن دەکەن، ئەوان بەرپرسیاریێتی هەڵدەگرن وەک فەرزێکی هەتاهەتایی نەوە دوای نەوە، لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.

[24] دەیەکەکانی نەوەی ئیسرائیل کە بۆ یەزدانی پێشکەش دەکەن وەک بەخشینی بەرزکراوە، من داومە بە لێڤییەکان، میراتی ئەوانە، بۆیە پێیانم فەرموو کە لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا هیچ میراتیان بەرناکەوێت.»

[25] یەزدان بە موسای فەرموو:

[26] «لەگەڵ لێڤییەکان دەدوێیت و پێیان دەڵێیت: ”کاتێک دەیەکەکە وەردەگرن لە نەوەی ئیسرائیل کە من وەک میرات بە ئێوەم داوە، بەخشینی بەرزکراوەی یەزدانی لێ پێشکەش دەکەن، دەیەک لە دەیەک.

[27] جا بە بەخشینی بەرزکراوەتان دادەنرێت، وەک دانەوێڵەی جۆخین و پڕی بەرهەمی گوشەرەکە .

[28] بەم شێوەیە ئێوەش بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان لە هەموو دەیەکەکانتان پێشکەش دەکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلی وەردەگرن، لەوە بەخشینی بەرزکراوەی یەزدان بە هارونی کاهین دەدەن.

[29] لە هەموو بەخشینەکانتان هەموو بەرزکراوەیەک بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن کە لە هەرە باشترین و پیرۆزترین بێت.“

[30] «پێیان دەڵێیت: ”کاتێک باشترینەکەی پێشکەش دەکەن، وەک بەرهەمی جۆخین و گوشەر بۆ لێڤییەکان هەژمارد دەکرێت.

[31] ئێوە و ماڵەکانتان لە هەموو شوێنێک دەیخۆن، چونکە کرێی ئێوەیە لەبری خزمەتتان لە چادری چاوپێکەوتن.

[32] بەهۆیەوە گوناهباریش نابن ئەگەر لە باشترینەکەی پێشکەش بکەن، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو مەکەن نەوەک بمرن.“»

سەرژمێری — Chapters