[1] کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد.
[2] کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری،
[3] ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
[4] پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:
[5] «چادرەکانت چەند جوانە ئەی یاقوب، نشینگەکانت ئەی ئیسرائیل!
[6] «وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە، وەک باخچەی کەناری ڕووبار، وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی کە یەزدان چاندبێتی، وەک ئورزی قەراغی ئاو،
[7] گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت. «پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و شانشینەکەی پایەدار دەبێت.
[8] «خودا لە میسر دەریهێنان، وەک شاخی گای کێوییە بۆیان، ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و ئێسکیان تێکدەشکێنن و بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
[9] خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟ «بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن، نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»
[10] ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن،
[11] ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»
[12] بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون،
[13] ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“
[14] ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»
[15] ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
[16] پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە، ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:
[17] «دەیبینم، بەڵام ئێستا نا، چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا. ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت. ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت، کاسەسەری هەموو نەوەی شیت تێکدەشکێنێت.
[18] ئەدۆم داگیر دەکرێت، سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار، بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
[19] ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت، بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»
[20] ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو، بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»
[21] ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی: «نشینگەکەتان پتەوە و هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
[22] بەڵام ئەی قێنییەکان ئێوە وێران دەبن، کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»
[23] ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
[24] لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە کەشتییەکان دێن و ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات، بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»
[25] ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.