Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:32

[1] «”لە یەکی مانگی حەوت، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن، بۆتان دەبێتە ڕۆژی دەنگی کەڕەنا.

[2] قوربانی سووتاندنێک دەکەن بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،

[3] هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگاکە و دوو دەیەک بۆ بەرانەکە و

[4] دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.

[5] گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن بۆتان،

[6] سەرەڕای قوربانی سووتاندنی سەرەمانگان و ڕۆژانە، لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان وەک نەریتەکەیان، قوربانی بە ئاگرن بۆ یەزدان، ئەو بۆنەیە کە یەزدان پێی خۆشە.

[7] «”لە ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتەدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن و گیانی خۆتان زەلیل دەکەن، هیچ کارێک ناکەن.

[8] قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، ئەو بۆنەی پێی خۆشە، یەک جوانەگا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ بن، لەلایەن ئێوەوە دەبێت.

[9] پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا و دوو دەیەک بۆ بەران و

[10] دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.

[11] گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی گوناه بۆ کەفارەتکردن و قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.

[12] «”لە ڕۆژی پازدەی مانگی حەوتیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەبەستن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن و حەوت ڕۆژ بۆ یەزدان دەیکەن بە جەژن.

[13] قوربانی سووتاندنیش پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سێزدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە دەبێت.

[14] پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەریەک لە سێزدە گایەکە و دوو دەیەک بۆ هەریەک لە دوو بەرانەکە.

[15] دەیەکێک بۆ هەریەک لە چواردە بەرخەکە.

[16] هەروەها گیسکێکی نێر بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[17] «”لە ڕۆژی دووەم دوازدە جوانەگا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[18] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.

[19] گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان.

[20] «”لە ڕۆژی سێیەم یازدە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[21] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.

[22] هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[23] «”لە ڕۆژی چوارەم دە گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[24] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.

[25] هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[26] «”لە ڕۆژی پێنجەم نۆ گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[27] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان هەروەک نەریتەکەیان.

[28] گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[29] «”لە ڕۆژی شەشەم هەشت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[30] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.

[31] هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[32] «”لە ڕۆژی حەوتەم حەوت گا و دوو بەران و چواردە بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ ئامادە بکەن.

[33] لەگەڵ گایەکان و بەرانەکان و بەرخەکان، پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان و شەرابی پێشکەشکراویان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان.

[34] هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[35] «”لە ڕۆژی هەشتەم ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن، هیچ کارێکی ئاسایی ناکەن.

[36] قوربانی سووتاندن پێشکەش دەکەن، قوربانی بە ئاگر، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، یەک گا و یەک بەران و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،

[37] پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ گا و بەران و بەرخەکان بەگوێرەی ژمارەیان وەک نەریتەکەیان،

[38] هەروەها یەک گیسکی نێریش بۆ قوربانی گوناه، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[39] «”لە جەژنەکانتان، سەرەڕای نەزر و بەخشینە ئازادەکانتان، ئەمانە بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن: قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەرابی پێشکەشکراو و قوربانی هاوبەشی.“»

[40] موسا بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کرد، لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.

سەرژمێری — Chapters