Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:58

[1] یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:

[2] «ئەمە فەرزی فێرکردنەکەیە کە یەزدان فەرمانی پێ کردووە و دەفەرموێت، بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با نوێنگینێکی سووری ساغت بۆ بهێنن کە کەموکوڕی تێدا نەبێت و نیری نەخرابێتە سەر.

[3] بدرێتە ئەلعازاری کاهین و دەبردرێتە دەرەوەی ئۆردوگا و لەبەردەمی سەردەبڕدرێت.

[4] ئەلعازاری کاهینیش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و بەرەو ڕووی چادری چاوپێکەوتن حەوت جار دەیپرژێنێت.

[5] نوێنگینەکەش لەبەرچاوی دەسووتێنرێت، پێستی و گۆشتی و خوێنی و ڕیخی دەسووتێنرێت.

[6] کاهینیش پارچە دارێکی ئورز و بەنی سووری ئاڵ و زوفا دەبات و هەڵیاندەداتە ناو ئاگری نوێنگینەکە.

[7] ئینجا کاهین جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و لەدوای ئەوە دێتە ناو ئۆردوگاکەوە، هەتا ئێوارەش بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی گڵاو دەبێت.

[8] ئەوەش کە سووتاندی جلەکانی بە ئاو دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

[9] «پیاوێکی پاکیش خۆڵەمێشی نوێنگینەکە کۆدەکاتەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگاکە لە شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دایدەنێت، جا بۆ کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل پارێزراو دەبێت بۆ ئاوی پاککردنەوە، چونکە پاکبوونەوەیە لە گوناه.

[10] ئەوەی خۆڵەمێشی نوێنگینەکەشی کۆکردەوە جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، جا بۆ نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیەش کە لەنێویانە، دەبێت بە فەرزێکی هەتاهەتایی.

[11] «ئەوەی دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.

[12] پێویستە لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پێ پاک بکاتەوە و لە ڕۆژی حەوتەم پاک دەبێت، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژی سێیەمدا خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا لە ڕۆژی حەوتەم پاک نابێت.

[13] هەرکەسێک دەست لە لاشەی کەسێکی مردوو بدات و خۆی پاک نەکاتەوە ئەوا چادری پەرستنی یەزدان گڵاو دەکات، ئەو کەسە لە ئیسرائیل دەبڕدرێتەوە، چونکە ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە و گڵاوە، گڵاوییەکەی هێشتا تێدا ماوە.

[14] «ئەمە فێرکردنەکەیە، ئەگەر کەسێک لەناو چادرێکدا مرد ئەوا هەر یەکێک بێتە ناو چادرەکە و هەموو ئەوانەی لەناو چادرەکە بوون حەوت ڕۆژ گڵاو دەبن،

[15] هەموو دەفرێکی کراوەش کە بە باشی سەری دانەخرابێت ئەوا گڵاوە.

[16] «هەرکەسێک لە دەشتودەر دەست لە کوژراوێکی بە شمشێر یان مردووێک یان ئێسکی مرۆڤێک یان گۆڕێک بدات، ئەوا حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت.

[17] «جا بۆ گڵاو لە خۆڵەمێشی ئاگری قوربانی پاکبوونەوە دەبەن و لە گۆزەیەکدا ئاوێکی سازگاری بەسەردا دەکەن.

[18] پیاوێکی پاکیش بەپێی ڕێوڕەسم زوفایەک دەبات و نوقومی ناو ئاوەکەی دەکات و بەسەر چادر و هەموو شتومەکەکانیدا دەپرژێنێت، بەسەر ئەو کەسانەشدا دەپرژێنێت کە لەوێ بوون، هەروەها ئەوەش کە دەستی لە ئێسک یان کوژراو یان مردوو یان گۆڕ داوە.

[19] کەسە پاکەکەش لە ڕۆژی سێیەم و ڕۆژی حەوتەم ئاوەکە بەسەر کەسە گڵاوەکەدا دەپرژێنێت، لە ڕۆژی حەوتەم پاکی دەکاتەوە. ئەویش جلەکانی دەشوات و خۆی بە ئاو دەشوات و بۆ ئێوارە پاک دەبێت.

[20] بەڵام ئەو کەسەی گڵاو دەبێت و خۆی پاک ناکاتەوە، ئەوا ئەو گیانە لەنێو کۆمەڵدا دەبڕدرێتەوە، چونکە پیرۆزگای یەزدانی گڵاو کردووە، ئاوی پاککردنەوەی بەسەردا نەپرژێنراوە، گڵاوە.

[21] جا بۆیان دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی. «ئەوەی ئاوی پاککردنەوەی پرژاندووە جلەکانی دەشوات، ئەوەی دەستی لە ئاوی پاککردنەوە داوە، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،

[22] هەرچییەک ئەو گڵاوە دەستی لێ بدات گڵاو دەبێت و ئەو کەسەش کە دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.»

سەرژمێری — Chapters