[1] ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو:
[2] «چەند پیاوێک بنێرە بۆ سیخوڕیکردن لە خاکی کەنعان کە من بە نەوەی ئیسرائیلم داوە، لە هەر هۆزێک لە باوکانیان پیاوێک دەنێرن، هەر یەکێکیان سەرکردە بێت لەناویاندا.»
[3] بەپێی فەرمانی یەزدان موسا لە چۆڵەوانی پارانەوە ئەوانی نارد. هەموویان لە نەوەی ئیسرائیل ڕابەر بوون.
[4] ئەمەش ناوەکانیانە: لە هۆزی ڕەئوبێن شەموعی کوڕی زەکور،
[5] لە هۆزی شیمۆن شافاتی کوڕی حۆری،
[6] لە هۆزی یەهودا کالێبی کوڕی یەفونە،
[7] لە هۆزی یەساخار یەگالی کوڕی یوسف،
[8] لە هۆزی ئەفرایم هۆشێیەعی کوڕی نون،
[9] لە هۆزی بنیامین پەلتیی کوڕی ڕافو،
[10] لە هۆزی زەبولون گەدیێلی کوڕی سۆدی،
[11] لە هۆزی یوسف، لە هۆزی مەنەشە گەدیی کوڕی سوسی،
[12] لە هۆزی دان عەمیێلی کوڕی گەمەلی،
[13] لە هۆزی ئاشێر سەتوری کوڕی میکائیل،
[14] لە هۆزی نەفتالی نەحبیی کوڕی ڤۆفسی،
[15] لە هۆزی گاد گوئێلی کوڕی ماکی.
[16] ئەوە ناوی ئەو پیاوانە بوو کە موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکەکە. موساش هۆشێیەعی کوڕی نونی ناونا یەشوع.
[17] جا موسا ناردنی بۆ سیخوڕی خاکی کەنعان و پێی گوتن: «لێرەوە بەناو نەقەبدا بڕۆن و بۆ ناوچە شاخاوییەکە سەربکەون و
[18] بڕوانن خاکەکە چۆنە، ئەو گەلەش تێیدا دەژیێت بە هێزە یان لاوازە؟ کەمن یان زۆرن؟
[19] ئەو خاکەی تێیدا نیشتەجێن چۆنە، باشە یان خراپە؟ ئەو شارۆچکانە چین کە تێیدا نیشتەجێن، خێوەتگان یان قەڵابەندن؟
[20] هەروەها ئەو خاکە چۆنە، بەپیتە یان بێپیتە؟ داری لێیە یان نا؟ چاونەترس بن و هەندێک لە بەروبوومی خاکەکە بهێنن.» ئەو ڕۆژانەش ڕۆژانی یەکەم بەری ترێ بوو.
[21] ئەوانیش سەرکەوتن و سیخوڕی خاکەکەیان کرد، لە چۆڵەوانی چنەوە هەتا ڕەحۆڤ لە نزیک دەروازەی حەمات.
[22] بەناو نەقەبدا سەرکەوتن و هاتنە حەبرۆن. لەوێش ئەحیمەن و شێشەی و تەلمەی نەوەی عەناقی لێبوو، حەبرۆنیش پێش چۆعەنی میسر بە حەوت ساڵ بنیاد نرابوو.
[23] ئیتر هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و لەوێ لقێکیان بە هێشووە ترێیەکەوە لێکردەوە و بە دارێک هەڵیانگرت لەنێوان دووانیان و لەگەڵ هەندێک هەنار و هەنجیر.
[24] جا ئەو شوێنە ناونرا دۆڵی ئەشکۆل بەهۆی ئەو هێشووەی نەوەی ئیسرائیل لەوێ لێیان کردەوە.
[25] ئینجا لەدوای چل ڕۆژ لە سیخوڕیەتی خاکەکە هاتنەوە.
[26] سیخوڕەکان هاتنە لای موسا و هارون و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی پاران، لە قادێش، هەواڵیان بۆ ئەوان و بۆ هەموو کۆمەڵ هێنایەوە و بەروبوومی خاکەکەیان پیشاندان.
[27] هەواڵیان پێیدا و گوتیان: «بۆ ئەو خاکە چووین کە تۆ ئێمەت بۆی نارد و بە ڕاستی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت! ئەمەش بەرەکەیەتی.
[28] بەڵام ئەو گەلەی لە خاکەکەدا نیشتەجێن بە هێزن و شارەکان قەڵابەند و زۆر مەزنن، هەروەها نەوەی عەناقیشمان لەوێ بینی.
[29] عەمالێقییەکان لە خاکی نەقەبدا نیشتەجێن، حیتی و یەبوسی و ئەمورییەکان لە ناوچە شاخاوییەکەدا نیشتەجێن، کەنعانییەکانیش لەلای دەریا و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون نیشتەجێن.»
[30] بەڵام کالێب گەلی بۆ موسا بێدەنگ کرد و گوتی: «با سەربکەوین و دەستی بەسەردا بگرین، چونکە توانامان بەسەریدا هەیە.»
[31] بەڵام ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا چووبوون گوتیان: «ناتوانین سەربکەوین و دژایەتی ئەو گەلە بکەین چونکە لە ئێمە بەهێزترن.»
[32] جا هەواڵێکی خراپیان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا بڵاوکردەوە سەبارەت بەو خاکەی سیخوڕیان تێدا کردبوو، گوتیان: «ئەو خاکەی پێیدا چووین هەتا سیخوڕی بکەین، خاکێکە کە دانیشتووانەکەی قووت دەدات. هەموو ئەو گەلەی تێیدا بینیمان باڵا بەرز بوون.
[33] هەروەها لەوێ نەفیلیممان بینی، نەوەی عەناق کە لە ڕەگەزی نەفیلیمن، لە چاوی خۆماندا وەک پێکوڕە وابووین، بە هەمان شێوەش لەچاو ئەوان.»