Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:05

[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”قوربانی من، ئەو بۆنەی پێم خۆشە، ئاگاداربن کە لە کاتی خۆی خۆراکم بە قوربانی بە ئاگر پێشکەش بکەن.“

[3] پێشیان بڵێ: ”ئەمە ئەو قوربانی بە ئاگرەیە کە ڕۆژانە بۆ یەزدان پێشکەشی دەکەن: دوو بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، قوربانی سووتاندنی بەردەوام.

[4] یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.

[5] لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت،

[6] قوربانی سووتاندنی بەردەوام، ئەوەی لە شاخی سینا کراوە، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان،

[7] لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، چارەکە هەینێک مەی بۆ بەرخی یەکەم، لە پیرۆزگا بۆ یەزدان پێشکەشی بکە.

[8] هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون پێشکەشی بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانی کردووتە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[9] «”لە ڕۆژی شەممە دوو بەرخی یەک ساڵەی ساغ پێشکەش بکەن لەگەڵ دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵە لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، کە ئەمەش

[10] قوربانی سووتاندنی هەموو ڕۆژێکی شەممەیە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[11] «”لە دەستپێکی هەموو مانگێکدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،

[12] لەگەڵ سێ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر جوانەگایەک و دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرانێک.

[13] یەک دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرخێک، قوربانی سووتاندنە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

[14] شەرابە پێشکەشکراوەکەشیان نیو هەین بۆ جوانەگا و سێیەکی هەین بۆ بەران و چارەکە هەینێک بۆ بەرخ. ئەمە قوربانی سووتاندنە لە دەستپێکی هەموو مانگەکانی ساڵ.

[15] سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ یەزدان پێشکەش بکرێت.

[16] «”لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخەیە بۆ یەزدان،

[17] لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنە، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن.

[18] لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

[19] قوربانی بە ئاگر، قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە بێت.

[20] پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەر جوانەگایەک، دوو دەیەک بۆ هەر بەرانێک،

[21] دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە بکە.

[22] گیسکێکی نێریش قوربانی گوناه بێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان،

[23] سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەیانییان کە بۆ قوربانی سووتاندنی بەردەوام دەیکەن.

[24] بە هەمان شێواز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ئاوا بکەن، خۆراک پێشکەش بکەن، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

[25] لە ڕۆژی حەوتەمیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

[26] «”لە ڕۆژی یەکەمین بەرهەم، کاتێک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، لە جەژنی هەفتەکانتان کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

[27] قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵە،

[28] هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا، دوو دەیەک بۆ بەران،

[29] دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.

[30] گیسکێکی نێریش بۆ کەفارەتکردن بۆتان.

[31] سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە بیکەن، دڵنیا بن لەوەی ئاژەڵەکان ساغن و لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان بیکەن.

سەرژمێری — Chapters