Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:45

[1] کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب،

[2] ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد.

[3] ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە ، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.

[4] یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»

[5] موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»

[6] لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و ژنێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان.

[7] کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک،

[8] بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و ژنەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە.

[9] بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.

[10] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[11] «فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەوەی کە دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان هەتا نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد.

[12] لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم.

[13] بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»

[14] ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ ژنە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان،

[15] ناوی ژنە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.

[16] یەزدان بە موسای فەرموو:

[17] «تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن،

[18] چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»

سەرژمێری — Chapters