Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:57

[1] کاتێک کەنعانییەکەی پاشای عەراد کە لە نەقەب نیشتەجێ بوو بیستی نەوەی ئیسرائیل لە ڕێگای ئەتاریمەوە هاتووە، شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلییەکاندا کرد و هەندێکی لێیان بە دیل گرت.

[2] نەوەی ئیسرائیلیش نەزرێکیان بۆ یەزدان کرد و گوتیان، «ئەگەر ئەو نەتەوەیە بخەیتە ژێر دەستمان، ئەوا شارەکانی بە تەواوی وێران دەکەین .»

[3] یەزدانیش گوێی لە هاواری ئیسرائیل گرت و کەنعانییەکانی دایە دەست و خۆیان و شارۆچکەکانیان بە تەواوی وێران کردن، ئیتر ئەو شوێنە ناونرا حۆرما.

[4] ئینجا لە کێوی هۆرەوە بە ڕێگای دەریای سوور کۆچیان کرد هەتا بە خاکی ئەدۆمدا بسوڕێنەوە، جا گەل لە ڕێگادا ئارامییان لێ بڕا.

[5] گەل لە دژی خودا و موسا قسەیان کرد و گوتیان: «بۆچی لە میسر دەرتانهێناین هەتا لە چۆڵەوانی بمرین؟ چونکە نە نان هەیە و نە ئاو! ئەم خواردنە بێ تامەمان لەبەرچاو کەوتووە.»

[6] یەزدانیش ماری ژەهراوی بۆ سەر گەل نارد و بە گەلیانەوە دا و خەڵکێکی زۆر لە ئیسرائیل مردن.

[7] ئینجا گەل هاتنە لای موسا و گوتیان: «گوناهمان کرد لە دژی یەزدان و لە دژی تۆش قسەمان کرد. لەبەر ئەوە نزا بۆ یەزدان بکە هەتا ئەو مارانەمان لەسەر هەڵبگرێت.» موساش لە پێناوی گەل نزای کرد.

[8] یەزدانیش بە موسای فەرموو: «مارێکی ژەهراوی دروستبکە و لەسەر ستوونێک هەڵیبواسە، جا هەر یەکێک پێیەوەدرا و تەماشای کرد دەژیێت.»

[9] موساش مارێکی لە بڕۆنز دروستکرد و لەسەر ستوونێک هەڵیواسی، ئەوە بوو هەر کاتێک یەکێک مار پێوەی دەدا و تەماشای مارە بڕۆنزییەکەی دەکرد دەژیا.

[10] ئینجا نەوەی ئیسرائیل کۆچیان کرد و لە ئۆڤۆت چادریان هەڵدا،

[11] لە ئۆڤۆتەوەش کۆچیان کرد و لە عییی عەڤاریم لە چۆڵەوانی بەرامبەر مۆئاب ڕووەو خۆر هەڵاتن چادریان هەڵدا.

[12] لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە دۆڵی زەرەد چادریان هەڵدا،

[13] لەوێشەوە کۆچیان کرد و لە قەراغی باکووری ڕووباری ئەرنۆن چادریان هەڵدا کە لە چۆڵەوانییە لە دەرەوەی سنووری ئەمورییەکانە، چونکە ئەرنۆن سنووری مۆئابە لەنێوان مۆئاب و ئەمورییەکان،

[14] لەبەر ئەوە پەڕتووکی جەنگەکانی یەزدان دەڵێت: «شاری واهێڤ لە سوفە و شیوەکانی، ئەرنۆن و

[15] نشێوی شیوەکان، ئەوەی هەتا نشینگەی عار شۆڕ بووەتەوە، پشتی بە سنووری مۆئابەوە داوە.»

[16] لەوێشەوە بۆ بئێر بەردەوام بوون، ئەوەش ئەو بیرەیە کە لەوێ یەزدان بە موسای فەرموو، «گەل کۆبکەرەوە ئاویان دەدەمێ.»

[17] ئەوسا ئیسرائیل ئەم گۆرانییەیان چڕی: «ئەی بیر هەڵبقوڵێ، گۆرانی لە بارەوە بڵێن،

[18] بیرێک میرەکان لێیان داوە، پیاوماقوڵانی گەل هەڵیانکەندووە، ئەو پیاوماقوڵانە بە داردەست و گۆچانەکانیان.» لە چۆڵەوانییەوە هەتا مەتانە چوون،

[19] لە مەتانەوە هەتا نەحەلیێل و لە نەحەلیێلەوە هەتا بامۆت ،

[20] لە بامۆتەوە هەتا دۆڵێک کە لە مۆئابە و لە لووتکەی چیای پسگە کە دەڕوانێتە سەر ڕووی چۆڵەوانی.

[21] ئینجا ئیسرائیل نێردراوی بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان نارد و گوتی: m

[22] «ڕێمان بدە بە خاکەکەتدا تێپەڕین، نە بەلای کێڵگەیەک و نە بەلای ڕەزە مێوێک لانادەین و ئاو لە بیر ناخۆینەوە، هەتا لە خاکەکەت دەچینە دەرەوە بە شاڕێگادا دەڕۆین.»

[23] بەڵام سیحۆن نەیهێشت ئیسرائیل بە خاکەکەیدا تێبپەڕێت، بەڵکو هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل بۆ چۆڵەوانی دەرچوو، هاتە یەهەچ و شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.

[24] ئیسرائیلیش بە شمشێر لێیدا و دەستی بەسەر خاکەکەیدا گرت، لە ئەرنۆنەوە هەتا یەبۆق و هەتا نەوەی عەمۆن، چونکە سنووری عەمۆنییەکان بەهێز بوو.

[25] ئیسرائیل هەموو ئەم شارانەی گرت، ئیسرائیل لە هەموو شارەکانی ئەمورییەکان نیشتەجێ بوو، لە حەشبۆن و لە هەموو گوندەکانی.

[26] لەبەر ئەوەی حەشبۆن شاری سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان بوو، شەڕی لەگەڵ پاشای پێشووی مۆئاب کردبوو و هەموو خاکەکەی لە دەستی سەندبوو هەتا ئەرنۆن.

[27] لەبەر ئەوە شیعرەکان دەڵێن: «وەرنە حەشبۆن بنیاد دەنرێتەوە، شاری سیحۆن نۆژەن دەکرێتەوە.

[28] «چونکە ئاگرێک لە حەشبۆنەوە کڵپەی کرد، گڕێک لە شاری سیحۆنەوە، عاری مۆئابی هەڵلووشی، پیاوانی بەرزاییەکانی ئەرنۆن.

[29] قوڕبەسەرت مۆئاب! ئەی گەلی کەمۆش لەناوچوویت! کوڕەکانی ئاوارە کرد و کچەکانی ڕاپێچ کرد بۆ سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان.

[30] «بەڵام وا ئەوانمان ڕووخاند، حەشبۆن لەناوچوو هەتا دیڤۆن، تێکمان دا هەتا نۆفە کە هەتا مێدەبایە.»

[31] جا ئیسرائیل لە خاکی ئەمورییەکاندا مایەوە.

[32] ئینجا موسا هەندێک کەسی نارد بۆ سیخوڕیکردن لە یەعزێر، ئیتر گوندەکانیان گرت و ئەو ئەمورییانەیان دەرکرد کە لەوێ بوون.

[33] ئینجا ڕوویان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتن، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان گەیشتە ئەدرەعی.

[34] یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمورییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»

[35] جا لە خۆی و کوڕەکانی و هەموو سوپایەکەیان دا و کەس دەرباز نەبوو، بوونە خاوەنی خاکەکەی.

سەرژمێری — Chapters