Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:39

[1] بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»

[2] بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.

[3] ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.

[4] خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»

[5] یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»

[6] ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە.

[7] ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا، لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە، گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم، وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“

[8] چۆن نەفرەت بکەم کە خودا نەفرەتی نەکردبێت، چۆن جنێو بدەم کە یەزدان جنێوی نەدابێت؟

[9] چونکە لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم، لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم، گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە، خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.

[10] کێ خۆڵی یاقوبی ئامار کردووە، کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟ با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»

[11] بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»

[12] ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»

[13] ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.»

[14] جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.

[15] بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»

[16] یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»

[17] ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»

[18] ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «هەستە و گوێ بگرە بالاق، گوێم بۆ شل بکە ئەی کوڕی چیپور،

[19] خودا مرۆڤ نییە هەتا درۆ بکات، کوڕی مرۆڤیش نییە هەتا بڕیاری بگۆڕێت. ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟ یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟

[20] فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم، ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.

[21] «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە، لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە، یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە، هوتافی پاشای لەنێویاندایە.

[22] خودا لە میسر دەریهێنان، ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.

[23] جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت، فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە. ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت، ”سەیر بکە خودا چی کردووە!“

[24] گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت، وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە، ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»

[25] ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»

[26] بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»

[27] بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.»

[28] ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.

[29] بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»

[30] بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.

سەرژمێری — Chapters