Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:02

[1] ئەمە ئەو وتانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون، لە دەشتودەر لە عەراڤا ، بەرامبەر بە سوف لەنێوان پاران و تۆفەل و لاڤان و حەچێرۆت و دی زاهاڤ.

[2] لە حۆرێڤەوە لەسەر ڕێگای کێوی سێعیر بۆ قادێش بەرنێعە گەشتێکی یازدە ڕۆژە.

[3] لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی چلەمین، موسا وەک هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوو لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا دوا.

[4] ئەمە دوای ئەوە بوو کە سیحۆنی پاشای ئەمورییەکانی بەزاند کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، عۆگی پاشای باشانی شکاند کە لە عەشتارۆت فەرمانڕەوا بوو لە ئەدرەعی.

[5] موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە خاکی مۆئابدا دەستی بە ڕوونکردنەوەی ئەم فێرکردنە کرد و گوتی:

[6] یەزدانی پەروەردگارمان لە حۆرێڤ پێی فەرمووین: «ئیتر بەسە! ماوەیەکی زۆرە لەم کێوە دانیشتوون،

[7] ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن و بڕۆن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەمورییەکان و دەرودراوسێکانی لە عەراڤا و چیا و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و کەناری دەریای خاکی کەنعان و لوبنان هەتا ڕووباری گەورە، واتە ڕووباری فورات.

[8] بڕوانن ئەوا خاکەکەم لەپێش داناون، بڕۆنە ناوی و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ و بۆ نەوەکانیشیان لەدوای خۆیان.»

[9] لەو کاتەدا لەگەڵتاندا دوام و گوتم، «ناتوانم بە تەنها بارتان هەڵبگرم،

[10] یەزدانی پەروەردگارتان زۆری کردوون و ئەوەتا ئەمڕۆ ئێوە وەک ئەستێرەی ئاسمانن لە زۆریدا.

[11] با یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان هەزار قات زیاترتان بکات و بەرەکەتدارتان بکات، هەروەک بەڵێنی پێدان،

[12] بەڵام چۆن بە تەنها قورسایی و بارگرانی و ناکۆکییەکانتان هەڵبگرم؟

[13] لە هۆزەکانتان پیاوی دانا و تێگەیشتوو و ڕێزدار هەڵبژێرن و لەسەرتان دایاندەنێم.»

[14] ئێوەش وەڵامتان دامەوە و گوتتان، «ئەوەی گوتت باشە، با بیکەین.»

[15] جا پیاوە گەورەکانی هۆزەکانی ئێوەم برد، پیاوانی دانا و ڕێزدار، ئەوانم کرد بە سەرۆک بەسەرتانەوە، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان و کوێخاکان بۆ هۆزەکانتان.

[16] لەو کاتەشدا فەرمانم بە دادوەرەکانتان کرد و گوتم: «گوێ لە داوا و سکاڵای گەلەکەتان بگرن و بە ڕاستودروستی دادوەرییان بکەن، جا چ داواکە لەنێوان دوو ئیسرائیلیدا بێت یان لەنێوان ئیسرائیلییەک و نامۆیەکدا بێت.

[17] لە دادوەریدا لایەنگری مەکەن، گوێ لە بچووک بگرن وەک گەورە، لە کەس مەترسن، دادوەریکردن هی خودایە و ئەو داوایانەی بۆتان زەحمەت بێت، ئەوا بۆ منی دەهێنن هەتا گوێم لێی بێت.»

[18] لەو کاتەشدا فەرمانم پێکردن سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی کە دەیکەن.

[19] ئینجا لە حۆرێڤ کۆچمان کرد و ئەو چۆڵەوانییە مەزنە ترسناکەمان گرتەبەر کە لە ڕێگای ناوچە شاخاوییەکانی ئەمورییەکان بینیتان، هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردین و هاتین هەتا قادێش بەرنێعە.

[20] پێم گوتن: «ئەوا هاتنە ناوچە شاخاوییەکانی ئەمورییەکان کە یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات.

[21] بڕوانن! یەزدانی پەروەردگارتان خاکەکەی لەبەردەمتان داناوە، سەربکەون و دەستی بەسەردا بگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێی فەرموون. مەترسن و ورە بەرمەدەن.»

[22] جا هەمووتان هاتنە لای من و گوتتان: «با چەند پیاوێک لەپێش خۆمان بنێرین بۆ ئەوەی سیخوڕیەتی خاکەکەمان بۆ بکەن و هەواڵی ئەو ڕێگایەمان بۆ بهێننەوە کە پێیدا دەڕۆین و ئەو شارۆچکانەی بۆی دەچین.»

[23] ئەو قسەیەم بەلاوە باش بوو، دوازدە پیاوم لێ دەرهێنان، لە هەر هۆزێک پیاوێک.

[24] جا چوون و سەرکەوتنە سەر ناوچە شاخاوییەکە و هاتنە دۆڵی ئەشکۆل و سیخوڕییان کرد و

[25] لەگەڵ دەستیان لە بەروبوومی خاکەکەیان بۆ هێناینەوە و هەواڵیان پێ ڕاگەیاندینەوە و گوتیان: «ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارمان پێمان دەدات، باشە.»

[26] بەڵام ئێوە ڕازی نەبوون سەربکەون و لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و

[27] لەناو چادرەکانتان کەوتنە بۆڵەبۆڵ و گوتتان: «یەزدان ڕقی لە ئێمەیە لەبەر ئەوە ئێمەی لە خاکی میسر دەرهێنا هەتا بمانداتە دەستی ئەمورییەکان و لەناومان ببەن.

[28] بۆ کوێ سەردەکەوین؟ براکانمان ورەیان ڕووخاندین و گوتیان: ”گەلێکی لە ئێمە مەزنتر و باڵا بەرزترن، شارەکان مەزن و شوورادارن هەتا ئاسمان، هەروەها لەوێ نەوەی عەناقمان بینی.“»

[29] منیش پێم گوتن: «مەتۆقن و لێیان مەترسن.

[30] یەزدانی پەروەردگارتان کە لەپێشتانەوە دەڕوات، ئەو بۆتان دەجەنگێت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەپێش چاوتان لە میسر بۆی کردن،

[31] هەروەها لە دەشتودەر کە بینیتان چۆن یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیگرتن هەروەک باوک کوڕەکەی هەڵدەگرێت، لە هەموو ئەو ڕێگایەی گرتتانەبەر هەتا هاتنە ئەم شوێنە.»

[32] لەگەڵ ئەوەشدا بڕواتان بە یەزدانی پەروەردگارتان نەبوو،

[33] ئەوەی لە ڕێگا لەپێشتانەوە چوو هەتا شوێنێکتان بۆ بدۆزێتەوە بۆ چادرهەڵدانتان، لە شەودا لەناو ئاگردا بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایەتان پیشان بدات کە پێیدا دەڕۆن و لە ڕۆژیشدا لەناو هەور.

[34] جا یەزدان گوێی لە دەنگی قسەکانتان بوو، تووڕە بوو و سوێندی خوارد و فەرمووی:

[35] «هیچ کەسێک لەم خەڵکە لەم نەوە بەدکارە ئەو خاکە چاکە نابینێت کە سوێندم خوارد بیدەم بە باوباپیرانتان،

[36] تەنها کالێبی کوڕی یەفونە نەبێت، ئەو دەیبینێت و ئەو خاکە دەدەمە ئەو کە پێی لێناوە و دەیدەمە کوڕەکانیشی، چونکە بە هەموو دڵییەوە بەدوای یەزدان کەوت.»

[37] بەهۆی ئێوەوە یەزدان لە منیش تووڕە بوو و فەرمووی: «تۆش بۆ ئەوێ ناچیت.

[38] یەشوعی کوڕی نون کە لەبەردەمت وەستاوە دەچێتە ئەوێ، هانی بدە، چونکە خاکەکە وەک میرات بۆ ئیسرائیل دابەش دەکات،

[39] بەڵام منداڵەکانتان کە گوتتان دەبنە دیل و کوڕەکانتان ئەوانەی هەتا ئەمڕۆ چاکە و خراپەیان نەزانیوە، ئەوان دەچنە ئەوێ و دەیدەمە ئەوان و ئەوان دەستی بەسەردا دەگرن،

[40] بەڵام ئێوە ڕووتان وەربگێڕن و کۆچ بکەن بۆ دەشتودەر، لەسەر ڕێگای دەریای سوور .»

[41] جا وەڵامتان دایەوە و بە منتان گوت: «گوناهمان سەبارەت بە یەزدان کرد، ئێمە دەچین و دەجەنگین هەروەک یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی بە ئێمە کردووە.» بۆیە هەریەکەتان خۆی بە چەک و تفاقی جەنگ بەست، واتانزانی سەرکەوتن بۆ ناوچەی شاخاوییەکە ئاسانە!

[42] بەڵام یەزدان پێی فەرمووم، «پێیان بڵێ: ”مەڕۆن و مەجەنگن، چونکە من لەگەڵتان نابم، نەوەک لەبەردەم دوژمنتان ببەزن.“»

[43] جا قسەم لەگەڵ کردن و گوێتان نەگرت، بەڵکو لە فەرمانی یەزدان یاخی بوون و لووت بەرز بوون و بۆ ناوچەی شاخاوییەکە سەرکەوتن.

[44] جا ئەمورییەکانی دانیشتووی ئەو شاخانە پەلاماریان دان و دەریانپەڕاندن، هەروەک پوورە هەنگی کێوی دەیکات و لە سێعیرەوە تێکیان شکاندن هەتا حۆرما.

[45] ئینجا گەڕانەوە و گریان لەبەردەم یەزدان، بەڵام یەزدان گوێی لە دەنگتان نەگرت و گوێی بۆ شل نەکردن.

[46] ماوەیەکی درێژ لە قادێش دانیشتن بە قەد ئەو ڕۆژانەی تێیدا مانەوە.

دواوتاری موسا — Chapters