Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:19

[1] ئینجا ڕوومان وەرگێڕا و بە ڕێگای باشاندا سەرکەوتین، جا عۆگی پاشای باشان لەگەڵ هەموو سوپاکەی هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لە ئەدرەعی.

[2] یەزدانیش پێی فەرمووم، «لێی مەترسە، چونکە خۆی و هەموو سوپاکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، ئەوەی پێ دەکەیت کە بە سیحۆنی پاشای ئەمورییەکانت کرد کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو.»

[3] جا یەزدانی پەروەردگارمان، عۆگی پاشای باشان و هەموو سوپاکەی دایە دەستمان و لێماندا و نەمانهێشت کەس دەرباز بێت.

[4] لەو کاتەشدا دەستمان بەسەر هەموو شارەکانیدا گرت، هیچ شارێک لەو شەست شارە نەمایەوە کە لێیان نەستێنین، هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ پاشایەتی عۆگ لە باشان،

[5] هەموو ئەو شارانە شوورابەند بوون بە شوورای بەرز و دەروازە و شمشیرە هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوندێکی زۆر شوورایان نەبوو.

[6] جا بە تەواوی قڕمان کرد ، وەک ئەوەی بە سیحۆنی پاشای حەشبۆنمان کرد، لە هەموو شارێکدا پیاو و ژن و منداڵەکانمان بە تەواوی قڕکرد.

[7] بەڵام هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان و دەستکەوتی شارەکانیان بۆ خۆمان تاڵان کرد.

[8] لەو کاتەدا ئەو خاکەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دەربەندی ئەرنۆنەوە هەتا چیای حەرمۆنمان لە دەستی ئەم دوو پاشایەی ئەمورییەکان دەرهێنا.

[9] سەیدائییەکان بە حەرمۆن دەڵێن سیریۆن و ئەمورییەکانیش پێی دەڵێن سنیر.

[10] هەموو شارۆچکەکانی دەشت و هەموو گلعاد و هەموو باشان هەتا سەلخە و ئەدرەعی، دوو شارەکەی پاشایەتی عۆگ لە باشاندا دەستمان بەسەردا گرت.

[11] عۆگی پاشای باشان بە تەنها مابووەوە لە پاشماوەی ڕفائییەکان، قەرەوێڵەکەی لە ئاسن دروستکرابوو، هەتا ئێستا لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکانە، درێژییەکەی نۆ باڵ و پانییەکەی چوار باڵە بە باڵی پیاو.

[12] لەو کاتەی دەستمان بەسەر ئەو خاکەدا گرت، هەرێمێکم دایە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان، لە سەرووی عەرۆعێرەوە کە لەسەر دەربەندی ئەرنۆنە و نیوەی ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد و شارۆچکەکانی لە هەرێمەکەدا بوو.

[13] ئەوەشی لە گلعاد مایەوە و هەموو باشانی پاشایەتی عۆگ دامە نیوەی هۆزی مەنەشە . هەموو هەرێمی ئەرگۆڤ لەگەڵ هەموو باشان بوو، کە بە خاکی ڕفائییەکان ناودەبردرا.

[14] یائیری نەوەی مەنەشە دەستی بەسەر هەموو هەرێمی ئەرگۆڤدا گرت هەتا سنووری گەشوورییەکان و مەعکاتییەکان و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێنا، هەتا ئەمڕۆش باشان بە حەڤۆت یائیر ناودەبردرێت.

[15] گلعادیشم دا بە ماکیر.

[16] لە گلعادیشەوە هەتا دەربەندی ئەرنۆن ناوەڕاستی دۆڵەکە سنوور بوو، هەتا ڕووباری یەبۆق سنووری عەمۆنییەکان دامە ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان.

[17] عەراڤا و ڕووباری ئوردونیش سنووری ڕۆژئاواییەکەی بوو، لە کینەرەتەوە هەتا دەریای عەراڤا، دەریای مردوو ، لەژێر بنارەکانی پسگە.

[18] ئەو کاتە فەرمانم پێکردن و گوتم، «یەزدانی پەروەردگارتان ئەم خاکەی پێداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن، هەموو پاڵەوانەکان بە چەکەوە لەپێش نەوەی ئیسرائیلی برایانتان دەپەڕنەوە،

[19] بەڵام ژن و منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکانتان، زانیومە ئاژەڵی ماڵی زۆرتان هەیە، ئەوا لە شارۆچکەکانتان دەمێننەوە کە پێم داون،

[20] هەتا یەزدان براکانیشتان وەک ئێوە بحەسێنێتەوە، ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەی پشتی ڕووباری ئوردوندا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ، ئینجا هەرکەسە دەگەڕێتەوە لای موڵکی خۆی کە پێم دان.»

[21] لەو کاتەشدا فەرمانم بە یەشوع کرد و گوتم، «چاوەکانت هەموو ئەوەیان بینی کە یەزدانی پەروەردگارتان بەم دوو پاشایەی کرد، یەزدان هەمان شت دەکات بە هەموو ئەو پاشایەتییانەی تۆ بۆیان دەپەڕیتەوە.

[22] لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بۆتان دەجەنگێت.»

[23] لەو کاتەدا لە یەزدان پاڕامەوە و گوتم:

[24] «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ دەستت پێ کرد مەزنی و دەستی بەهێزت بە خزمەتکارەکەت پیشان بدەیت، چونکە چ خودایەک لە ئاسمان و لەسەر زەوی وەک کردەوەکان و تواناکانی تۆ دەکات؟

[25] تکایە لێمگەڕێ با بپەڕمەوە و ئەو خاکە چاکەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونە، ئەو ناوچە شاخاوییە جوانە و لوبنان، ببینم.»

[26] بەڵام یەزدان بەهۆی ئێوەوە لێم هەڵچوو و گوێی لێ نەگرتم، بەڵکو یەزدان پێی فەرمووم: «بەسە! ئیتر لەبارەی ئەم بابەتەوە لەگەڵم مەدوێ،

[27] سەربکەوە بۆ لووتکەی پسگە و بەرەو ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات سەر بڵند بکە و بە چاوەکانت خاکەکە ببینە، بەڵام لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە،

[28] ئەرکیش بە یەشوع بسپێرە و بەهێزی بکە و هانی بدە، چونکە ئەو لەپێش ئەم گەلە دەپەڕێتەوە و ئەو خاکەکەیان بۆ دابەش دەکات کە تۆ دەیبینیت.»

[29] جا لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ماینەوە.

دواوتاری موسا — Chapters