Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:11

[1] لە کۆتایی حەوت ساڵیش ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە.

[2] ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە.

[3] لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە.

[4] هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن،

[5] ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن.

[6] یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.

[7] ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن،

[8] بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستییەتی بە قەرز بیدەنێ.

[9] ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە.

[10] بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن.

[11] لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»

[12] ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت.

[13] کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت.

[14] بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت و گوشەرەکەتی پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت.

[15] لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.

[16] بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە،

[17] ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.

[18] بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.

[19] هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە.

[20] ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت.

[21] بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە،

[22] لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن.

[23] بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.

دواوتاری موسا — Chapters