[1] ئەوەش ئەو بەرەکەتەیە کە موسای پیاوی خودا بۆ نەوەی ئیسرائیل داوای کرد، بەر لە مردنی،
[2] گوتی: «یەزدان لە سیناوە هات و لە سێعیرەوە بەسەریاندا هەڵهات، لە کێوی پارانەوە درەوشایەوە و هەزاران هەزار فریشتەی پیرۆزی لەگەڵ بوو، لە بنارەکانی باشوورەوە.
[3] هەروەها ئەی ئەوەی گەلانت خۆشدەوێت، هەموو پیرۆزەکانی لە دەستی تۆن، ئەوان لەلای پێت کڕنۆش دەبەن، ڕێنمایی لە تۆ وەردەگرن.
[4] موسا فەرمانی فێرکردنی پێداین، میراتە بۆ کۆمەڵی یاقوب.
[5] لەنێو یەشوروون بوو بە پاشا، بە کۆبوونەوەی ڕابەرەکانی گەل، هۆزەکانی ئیسرائیل پێکەوە.
[6] «با نەوەی ڕەئوبێن بژیێت و نەمرێت، با پیاوەکانی کەم نەبن.»
[7] سەبارەت بە نەوەی یەهودا ئەمەی گوت: «ئەی یەزدان، گوێ لە دەنگی یەهودا بگرە و بۆ لای گەلەکەی بیهێنە، دەستەکانی بەسە بۆی، ببە بە یارمەتیدەر لە دژی دوژمنانی!»
[8] سەبارەت بە نەوەی لێڤی گوتی: «تومیم و ئوریمی تۆ بۆ پیاوە خۆشەویستەکەتە، ئەوەی لە مەسا تاقیت کردەوە و لە مێرگی مەریبا خەباتت لەگەڵدا کرد.
[9] ئەوەی سەبارەت بە دایک و باوکی گوتی، ”ڕەچاوم نەکردوون،“ دانی بە براکانیشیدا نەنا و منداڵەکانیشی نەناسی، بەڵام چاودێری فەرمایشتەکانی تۆی کرد و پەیمانەکەی تۆی پاراست.
[10] نەوەی یاقوب، فێری ڕاسپاردەکانت و نەوەی ئیسرائیلیش فێری تەوراتی تۆ دەکات، بۆنی بخوور دەخاتە بەردەمت و قوربانی سووتاندنی تەواو دەخاتە سەر قوربانگاکەت.
[11] ئەی یەزدان، توانای شارەزایی بەرەکەتدار بکە و بە کرداری دەستی ڕازی بە، لە کەمەری بەرهەڵستکاران و ناحەزانی بدە، هەتا هەڵنەستنەوە.»
[12] سەبارەت بە نەوەی بنیامین گوتی: «ئەو خۆشەویستی یەزدانە، بە ئاسوودەیی لەلای نیشتەجێ دەبێت، بە درێژایی ڕۆژ داڵدەی دەدات و یەزدان لەنێو هەردوو شانیدا نیشتەجێی دەکات.»
[13] سەبارەت بە نەوەی یوسف گوتی: «با خاکەکەی لەلایەن یەزدانەوە بەرەکەتدار بێت بە شەونمی گرانبەهای ئاسمان، بە ئاوە قەتیسکراوەکانی خوارەوە،
[14] بە بەهادارترین دیارییەکانی خۆر و بەهادارترین دیارییەکانی بەروبوومی مانگ،
[15] بە بەهادارترین دیارییەکانی چیا دێرینەکان، بە بەسوودترین گردە هەتاهەتاییەکان،
[16] بە بەهادارترین دیارییەکانی زەوی و پڕییەکەی، لەگەڵ ڕەزامەندی نیشتەجێی ناو دەوەنەکە ، با بەسەر سەری یوسفەوە بن، بەسەر تەپڵی سەری لە براکانی جیا کرایەوە.
[17] نۆبەرەی گایەکەی شکۆمەندییە بۆی، قۆچەکانی قۆچی گای کێوین، بەوان قۆچ لە گەلان دەدات، پێکەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی، ئەوان هەزاران هەزاری ئەفرایم و هەزارانی مەنەشەن.»
[18] سەبارەت بە نەوەی زەبولون گوتی: «ئەی زەبولون بە کۆچکردنت دڵخۆش بە و تۆش ئەی یەساخار بە چادرەکانت،
[19] گەلان بۆ چیا بانگ دەکەن، لەوێ قوربانی ڕاستودروستی سەردەبڕن، هەتا لە پڕی دەریا بمژن و لەو گەنجینەیەی لەژێر لم شاردراوەتەوە.»
[20] سەبارەت بە نەوەی گاد گوتی: «بەرەکەتدارە ئەوەی سنووری خاکی گادی فراوان کرد! وەک شێرە مێ نیشتەجێ بوو، قۆڵی پارچەپارچە کرد لەگەڵ تەپڵی سەر،
[21] باشترین خاکی بۆ خۆی دانا، بەشی فەرماندەی بۆ خۆی هەڵگرت، کاتێک سەرکردەکانی گەل کۆبوونەوە، دادوەری یەزدانی جێبەجێ کرد و حوکمەکانیشی سەبارەت بە ئیسرائیل.»
[22] سەبارەت بە نەوەی دان گوتی: «دان بەچکە شێرە، لە باشان قەڵەمباز بەرەو پێش دەدات.»
[23] سەبارەت بە نەوەی نەفتالی گوتی: «ئەی نەفتالی، تێر بە لە ڕەزامەندی و پڕ بە لە بەرەکەتی یەزدان، دەست بەسەر ڕۆژئاوا و باشووری خاکەکەتدا بگرە.»
[24] سەبارەت بە نەوەی ئاشێر گوتی: «با ئاشێر لەنێو کوڕان بەرەکەتدار بێت، با لەلای براکانی پەسەند بێت، با پێی بکاتە ناو زەیت،
[25] دەروازەکانت لە ئاسن و بڕۆنزن، بەگوێرەی درێژی تەمەنت هێزت پێ دەبەخشێت.»
[26] «خودای یەشوروون هاوتای نییە، سواری ئاسمان دەبێت بۆ یارمەتیدانت، هەروەها هەورەکان لە شکۆی خۆیدا.
[27] خودای هەتاهەتایی پەناگاتە و باڵە هەمیشەییەکانیشی لە ژێرەوە. دوژمنی لەبەردەمت دەرکرد و فەرمووی: ”لەناو ببە!“
[28] جا ئیسرائیل بە تەنها و بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، جێنشینی یاقوب گیروگرفتی نابێت، لە خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ دەبێت، ئاسمانەکەشی شەونم دەتکێنێت.
[29] ئەی ئیسرائیل، خۆزگەت پێ دەخوازرێت، کێ وەک تۆیە، گەلێکی ڕزگار بوو لەلایەن یەزدانەوە؟ قەڵغانی یارمەتی و شمشێری شکۆمەندیتە، جا دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن، تۆش نزرگەکانی سەر بەرزاییان پێشێل دەکەیت.»