Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:05

[1] ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو،

[2] چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.

[3] هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن.

[4] ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن، گا و مەڕ و بزن،

[5] ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و بزنەکێوی و کەڵەکێوی و ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی،

[6] هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن،

[7] تەنها ئەمانە ناخۆن لەوانەی کاوێژ دەکەن و سمیان دوو کەرتە، وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە.

[8] هەروەها بەرازیش، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە، نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن.

[9] لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت دەیخۆن،

[10] بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.

[11] هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن،

[12] بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،

[13] واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ،

[14] هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،

[15] کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،

[16] کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و

[17] کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە،

[18] لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

[19] هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت.

[20] هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.

[21] هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

[22] هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە.

[23] لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن .

[24] بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو،

[25] ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت.

[26] جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن.

[27] ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.

[28] لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن،

[29] لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.

دواوتاری موسا — Chapters