Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:31

[1] موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن: ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن.

[2] یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین،

[3] ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین.

[4] یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا،

[5] لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە، فەرمووی:

[6] «من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

[7] «هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

[8] «پەیکەر بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە.

[9] کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم،

[10] بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

[11] «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

[12] «ڕۆژی شەممە بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن.

[13] شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن،

[14] بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگ و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە.

[15] لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.

[16] «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

[17] «مەکوژن .

[18] «داوێنپیسی مەکەن.

[19] «دزی مەکەن.

[20] «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

[21] «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

[22] یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.

[23] کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و

[24] گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت،

[25] بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ چونکە ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین،

[26] چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟

[27] تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»

[28] یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو،

[29] خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، هەتاوەکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.

[30] «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“

[31] بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

[32] ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن،

[33] هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.

دواوتاری موسا — Chapters