Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:38

[1] گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم، با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.

[2] فێرکردنم وەک باران دەبارێت، وشەم وەک شەونم دەتکێت، وەک نمە باران بەسەر سەوزایی وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

[3] ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم، مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.

[4] خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە، چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە، خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە، ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

[5] لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە، نەوەیەکی چەوت و خوارن.

[6] ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە، ئەی گەلی گێل و نادانا؟ ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە، ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

[7] یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە، لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە، لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت، لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.

[8] کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد، کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد، سنووری بۆ گەلان دانا، بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.

[9] بەشی یەزدان گەلەکەیەتی، یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

[10] لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە، لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا، دەوری دا و بایەخی پێیدا، وەک گلێنەی چاوی پاراستی.

[11] وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت، لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات، باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات، لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.

[12] ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد، هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

[13] سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد، لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد، لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا، زەیتیش لە بەردەئەستێوە.

[14] دەڵەمە و شیری مەڕوماڵات، لەگەڵ دوگی بەرخ و بەرانی باشان و تەگە ، لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم. تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

[15] نەوەی ئیسرائیلی سەرڕاست قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند، قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو داپۆشران. ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون، تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.

[16] ئیرەییان وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.

[17] بۆ بتەکان کە خودا نین قوربانییان سەربڕی، چەند خودایەک نەیانناسیون، تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون، کە باوکانتان لێیان نەترساون.

[18] ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا، ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

[19] جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە، لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.

[20] فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە، سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت، ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن، ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.

[21] ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم، بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم، منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.

[22] چونکە بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە، گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە، زەوی و خەرمانەکەی دەخوات، بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.

[23] «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە، تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.

[24] کاتێک لە برسان کەوتوون، پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر، ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان، لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.

[25] لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و لەناو ماڵەوەشیان تۆقین، کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن، منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.

[26] فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم، یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“

[27] بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات، کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن، نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین، یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»

[28] ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون، کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟

[29] خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.

[30] چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و دووان دە هەزار تێکدەشکێنن، ئەگەر تاشەبەردەکەیان ئەوانی نەفرۆشتبێت ، یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.

[31] چونکە تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە نییە، تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.

[32] چونکە مێویان لە مێوی سەدۆمە و ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە، ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.

[33] شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.

[34] «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە، لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟

[35] تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم، لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت، چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»

[36] چونکە یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت، کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.

[37] خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان، ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،

[38] ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن، شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟ با بێن و یارمەتیتان بدەن، با پارێزگاریتان لێ بکەن!

[39] «ئێستا ببینن، من، من ئەوم، هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم. من دەمرێنم و دەژیێنم، بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە، کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.

[40] من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم: بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،

[41] کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم، تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و ناحەزانم سزا دەدەم.

[42] تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و شمشێرەکەم گۆشت دەخوات، لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان، لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»

[43] ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن، چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە، لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە، کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.

[44] جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.

[45] کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،

[46] پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.

[47] تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

[48] یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:

[49] «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نەبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.

[50] لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،

[51] لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.

[52] لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»

دواوتاری موسا — Chapters