[1] ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان،
[2] جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە،
[3] ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا.
[4] بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن.
[5] ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
[6] ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە،
[7] لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی،
[8] لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە،
[9] بەڵکو بە دڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لە کۆتاییدا دەستی هەموو گەل.
[10] بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لە یەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت.
[11] ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات.
[12] ئەگەر سەبارەت بە یەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست،
[13] کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوە و دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووە و دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون،
[14] ئێوە لێی بکۆڵنەوە و بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە ڕاستە و بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە،
[15] ئەوا بە شمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن، بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایە و بە ئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە.
[16] هەموو شتومەکەکانی لە گۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوە و هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە.
[17] نابێت هیچ شتێکی تەرخانکراو بۆ قڕکردن لەلای ئێوە ببینرێتەوە، هەتا گڕی تووڕەییەکەی یەزدان دابمرکێتەوە، بەزەیی پێتان دێتەوە و لەگەڵتان میهرەبان دەبێت و زۆرتان دەکات هەروەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
[18] ئەگەر گوێڕایەڵی دەنگی یەزدانی پەروەردگارتان بوون بۆ پاراستنی هەموو فەرمانەکانی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان ڕاستە بیکەن.