[1] ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئەمڕۆ ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و گەلەکانی ناوی دەربکەن، ئەوان لە ئێوە مەزنتر و بەهێزترن، شارەکانیان گەورە و شوورادارن هەتا ئاسمان.
[2] نەتەوەیەکی مەزن و باڵا بەرز، نەوەی عەناق، کە بەوانتان زانیوە و بیستووتانە کە گوتراوە: «کێ لە ڕووی نەوەی عەناق دەوەستێت؟»
[3] جا ئەمڕۆ بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک ئاگرێکی سووتێنەر، ئەو لەبەردەمتاندا لەناویان دەبات و زەلیلیان دەکات و ئێوەش دەریاندەکەن و بە خێرایی لەناویان دەبەن، هەروەک یەزدان بەڵێنی پێدان.
[4] کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا لایان دەبات، لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «لەبەر ڕاستودروستیمان یەزدان ئێمەی هێنایە ئێرە هەتا دەست بەسەر ئەم خاکەدا بگرین،» بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە، یەزدان لەبەردەمتاندا دەریاندەکات.
[5] لەبەر ڕاستودروستی و دڵپاکیتان نییە کە دەچنە ناوەوە تاکو دەست بەسەر زەوییەکەیاندا بگرن، بەڵکو لەبەر بەدکاری ئەو گەلانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتان دەریاندەکات و هەتا ئەو بەڵێنەش جێبەجێ بکات کە یەزدان سوێندی لەسەر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
[6] جا بزانن لەبەر ڕاستودروستیتان نییە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خاکە باشەتان پێدەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، چونکە ئێوە گەلێکی کەللەڕەقن.
[7] لە یادتان بێت و لەبیری مەکەن چۆن لە دەشتودەر یەزدانی پەروەردگارتان تووڕە کرد. لەو ڕۆژەوەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە و هەتا هاتنە ئەم شوێنە ئێوە لە یەزدان یاخین.
[8] تەنانەت لە حۆرێڤیش یەزدانتان تووڕە کرد و جا یەزدان لێتان تووڕە بوو هەتا ڕادەیەک ئامادە بوو لەناوتان ببات.
[9] کاتێک بۆ کێوەکە سەرکەوتم بۆ ئەوەی دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمان کە یەزدان لەگەڵتانی بەست وەربگرم، چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەدا مامەوە و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە.
[10] یەزدانیش دوو تەختە بەردەکەی پێدام کە بە پەنجەی خودا نووسرا بوون و هەموو ئەو ڕاسپاردانەی لەسەر بوو کە یەزدان لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە لەگەڵتاندا پێی دوا.
[11] لە کۆتایی چل شەو و چل ڕۆژەکە، کاتێک یەزدان دوو تەختە بەردەکە، دوو تەختەکەی پەیمانی دامێ،
[12] یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە بە خێرایی لێرە بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت ئەوەی تۆ لە میسرەوە دەرتهێنان گەندەڵ بوون، بە زوویی لەو ڕێگایە لایاندا کە فەرمانم پێکردن، بتێکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستکرد.»
[13] هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم گەلەم بینی، بە ڕاستی گەلێکی کەللەڕەقن،
[14] لێمگەڕێ لەناویان دەبەم و ناویان لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە و دەتکەمە گەلێکی بەهێزتر و زۆرتر لەوان.»
[15] منیش ڕووم وەرگێڕا و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە، کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، دوو تەختەکەی پەیمانیشم بەدەستەوە بوو.
[16] جا ڕوانیم ئێوە سەبارەت بە یەزدانی پەروەردگارتان گوناهتان کردبوو، بتێکی داڕێژراوتان لە شێوەی گوێرەکەیەک بۆ خۆتان دروستکردبوو، بە زوویی لەو ڕێگایە لاتان دابوو کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوون.
[17] منیش دوو تەختەکەم گرت و لە دەستم فڕێمدان و لەبەرچاوتان شکاندم.
[18] پاشان وەک یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لەبەردەم یەزدان کەوتم و نانم نەخوارد و ئاوم نەخواردەوە لەبەر هەموو ئەو گوناهانەی ئەنجامتان داوە، بەوەی لەبەردەم یەزدان خراپەتان کرد و پەستتان کرد.
[19] لەو تووڕەیی و جۆشانە ترسام کە یەزدان لێتان پەست ببوو بە ڕادەیەک کە ئامادە بوو لەناوتان ببات، بەڵام یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم.
[20] یەزدان لە هارونیش زۆر تووڕە بوو هەتا لەناوی ببات، جا لەو کاتەدا لە پێناوی هارونیش نزام کرد.
[21] هەروەها گوناهەکەتان، واتە ئەو گوێرەکەیەی کە دروستتان کردبوو، من بردم و سووتاندم و کوتام و باش هاڕیم هەتا وەک تۆز نەرم بوو، ئینجا تۆزەکەیم هەڵدایە ناو ئەو جۆگەیەی لە کێوەکەوە دێتە خوارەوە.
[22] هەروەها لە تەبعیرە و مەسا و قیبرۆت هەتەڤا یەزدانتان تووڕە کرد.
[23] کاتێکیش یەزدان لە قادێش بەرنێعەوە ئێوەی نارد، فەرمووی: «سەربکەون و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە پێم داون.» بەڵام ئێوە لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نەکرد و گوێڕایەڵی ئەو نەبوون،
[24] لەو ڕۆژەوەی ئێوەم ناسیوە، ئێوە لە دژی یەزدان یاخین.
[25] ئەو چل شەو و چل ڕۆژە لەبەردەم یەزدان کەوتم، چونکە یەزدان فەرمووبووی لەناوتان دەبات.
[26] نوێژم بۆ یەزدان کرد و گوتم، «ئەی یەزدانی باڵادەست، گەلەکەت و میراتەکەت لەناو مەبە کە بە توانای خۆت کڕیتەوە، ئەوەی بە دەستێکی بەهێز لە میسر دەرتهێنا.
[27] خزمەتکارەکانت بەبیر بێتەوە، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ لە کەللەڕەقی ئەم گەلە مەدەوە یان لە بەدکارییەکەیان یان لە گوناهەکەیان،
[28] نەوەک خەڵکی ئەو وڵاتەی لێت دەرهێناین بڵێت: ”لەبەر ئەوەی یەزدان نەیتوانی بیانباتە ناو ئەو خاکەی کە بەڵێنی پێدابوون و لەبەر ئەوەی ڕقی لێیان بوو، دەریهێنان هەتا لە چۆڵەوانیدا بیانمرێنێت.“
[29] بەڵام ئەوان گەلی تۆن و میراتی تۆن کە بە توانا مەزنەکەت و دەستە بەهێزەکەت دەرتهێنان.»