[1] ئەگەر کوژراوێک لەو خاکە دۆزرایەوە کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا دەستی بەسەردا بگرن، لە کێڵگەیەک کەوتبوو و نەزانرا کێ کوشتوویەتی،
[2] ئەوا پیران و دادوەرانتان دەچن و دووری نێوان کوژراوەکە و ئەو شارۆچکانەی دەوروبەری دەپێون.
[3] جا پیرانی نزیکترین شارۆچکە لە کوژراوەکە گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە دەبەن کە هێشتا جووتی پێ نەکرابێت، نیری لەسەر دانەنرابێت.
[4] پاشان پیرانی ئەو شارۆچکەیە گوێرەکەکە بۆ دۆڵێک دەبەنە خوارەوە کە جۆگەیەکی ئاوی لەبەرڕۆیشتووی تێدابێت و نەکێڵرابێت و نەچێنرابێت و لە دۆڵەکە ملی دەشکێنن .
[5] دواتر کاهینەکان، نەوەی لێڤی دێنە پێشەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی هەڵبژاردووە هەتا خزمەتی بکەن و بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەت بکەن، جا هەموو ناکۆکی و پەلاماردانێک بەگوێرەی قسەی ئەوان یەکلا دەکرێتەوە.
[6] ئینجا هەموو پیرانی ئەو شارۆچکەیەی کە لە کوژراوەکە نزیکە لە دۆڵەکە دەستیان دەشۆن، لەو شوێنەی کە گوێرەکە ملشکاوەکەی لێیە و
[7] ڕایدەگەیەنن: «دەستەکانمان ئەم خوێنەیان نەڕشتووە و چاوەکانمان نەیانبینیوە.
[8] ئەی یەزدان، کەفارەتی ئیسرائیلی گەلی خۆت بکە کە کڕیتەوە و خوێنێکی بێتاوان مەخەرە ملی ئیسرائیلی گەلەکەت.» جا کەفارەتی ئەو خوێنەیان بۆ دەبێت.
[9] تاوانی ڕشتنی خوێنە بێتاوانەکەش لەنێوتان دادەماڵن، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو، ئێوە کردتان.
[10] ئەگەر لە دژی دوژمنەکانت بۆ جەنگ چوویت و یەزدانی پەروەردگارت ئەوانی دا بە دەستت و دیلت لێ گرتن،
[11] لەنێو دیلەکان ئافرەتێکی ڕوخسار جوانت بینی و چووە دڵتەوە و کردتە ژنی خۆت،
[12] کاتێک دەیهێنیتە ماڵەکەت، سەری دەتاشێت و نینۆکەکانی دەکات،
[13] جلەکانی دیلیێتی لەبەر دادەکەنێت و بۆ ماوەی مانگێک لە ماڵەکەت دەبێت و شیوەن بۆ دایک و باوکی دەگێرێت، پاش ئەوە دەیگوازیتەوە و بەزاوا دەبیت و دەبێتە ژنت.
[14] ئەگەر پێی دڵخۆش نەبوویت، بەڕەڵای بکە، بە پارە مەیفرۆشە و هەڵسوکەوتی وەک کۆیلە لەگەڵدا مەکە، چونکە تۆ ئابڕووت بردووە.
[15] ئەگەر پیاوێک دوو ژنی هەبێت، یەکێکیانی خۆشویست و ئەوی دیکەیانی خۆشنەویست، جا کە هەردووکیان کوڕیان بۆی بوو و نۆبەرەکە هی خۆشەویستەکە نەبوو،
[16] ئەوا ئەو ڕۆژەی ئەوەی هەیەتی بۆ کوڕەکانی بەش دەکات، بۆی نییە کوڕی خۆشەویستەکە بکات بە نۆبەرە لە جیاتی کوڕە نۆبەرەکە،
[17] بەڵکو کوڕەکەی لەو ژنەی کە خۆشی ناوێت وەک نۆبەرە دەیناسێت، هەتا دوو بەشی پێبدات لە هەموو ئەوەی هەیەتی، چونکە ئەو کوڕە یەکەم نیشانەی توانای باوکییەتی، مافی نۆبەرایەتی هەیە.
[18] ئەگەر پیاوێک کوڕێکی کەللەڕەق و یاخی هەبوو، گوێڕایەڵی قسەی دایک و باوکی نەبێت و گوێیان لێ نەگرێت کاتێک تەمبێی دەکەن،
[19] دایک و باوکی دەیگرن و دەیهێننە لای پیرانی شارۆچکەکەی، بۆ لای دەروازەی شارۆچکەکەی و
[20] بە پیرانی شارەکەی دەڵێن، «ئەم کوڕەمان کەللەڕەق و یاخییە، گوێڕایەڵمان نییە و دەست بڵاو و سەرخۆشە.»
[21] ئینجا هەموو پیاوانی شارۆچکەکەی بەردبارانی دەکەن هەتا دەمرێت، ئیتر بەمە خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن و هەموو ئیسرائیل دەبیستن و دەترسن.
[22] ئەگەر کەسێک تاوانێکی لەسەر بوو کە سزاکەی مردنە، جا کە کوژرا و لەسەر دار هەڵتانواسی،
[23] شەو تەرمەکەی لەسەر دارەکە مەهێڵنەوە، بەڵکو لە هەمان ڕۆژدا دەینێژن، چونکە هەڵواسراو لەسەر دار لەلایەن خوداوە نەفرەت لێکراوە ، جا خاکەکەتان گڵاو مەکەن کە یەزدانی پەروەردگارتان بە میرات دەتانداتێ.