Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:26

[1] ئەمە ئەو فەرز و یاسایانەیە کە بەجێی دەهێنن هەتا لەو خاکەدا بیکەن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر زەوی.

[2] هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز،

[3] قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە.

[4] بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن،

[5] بەڵکو ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت لەنێو هەموو هۆزەکانتان هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت بۆ نیشتەجێبوونی ، ڕووتان لەو شوێنە دەکەن و بۆ ئەوێ دەچن.

[6] بۆ ئەوێ قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و نەزر و بەخشینی ئازاد و نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانتان پێشکەش دەکەن.

[7] لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئێوە و خێزانەکانتان دەخۆن و دڵخۆش دەبن بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات، وەک یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردن.

[8] ئێوە ئاوا مەکەن، وەک ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، کە هەرکەسە بەو شێوەیەی خۆی دەکات کە ڕاستە لەپێش چاوی،

[9] چونکە هێشتا نەچوونەتە ناو شوێنی حەسانەوە و میرات کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ.

[10] بەڵام لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە و لەو خاکە نیشتەجێ دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ بە میرات و ئێوە دەحەسێنێتەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە دەوروبەرتانن و ئینجا بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن،

[11] ئەوا ئەو شوێنەی خوداتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، بۆ ئەوێ هەموو ئەو شتانە هەڵدەگرن کە من فەرمانتان پێ دەکەم، قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و هەموو هەڵبژێردراوی نەزرەکانتان کە بۆ یەزدانی دەکەن.

[12] لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، ئێوە و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەش کە لە دەروازەی شارۆچکەکانتانن، چونکە نە بەش و نە میراتیان لەگەڵتاندا نییە.

[13] ئاگاداربن قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش مەکەن لە هەر شوێنێک کە دەیبینن،

[14] بەڵکو لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە هۆزەکانتان، لەوێ قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش دەکەن و لەوێ هەموو ئەوانە دەکەن کە من فەرمانتان پێدەدەم.

[15] بەڵام لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی دەچێت سەردەبڕن و گۆشت دەخۆن لە هەموو شارۆچکەکانتان بەگوێرەی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارتان کە پێیداون، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخۆن وەک مامز و ئاسک.

[16] بەڵام خوێن ناخۆن، وەک ئاو دەیڕێژنە سەر زەوی.

[17] بۆتان نییە لە شارۆچکەکانتاندا دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان بخۆن، هەروەها لە نۆبەرەی مانگا و مەڕتان و نە هیچ شتێک لە نەزرەکانتان کە نەزریان دەکەن و لە بەخشینە ئازاد و بەرزکراوەکانتان،

[18] بەڵکو لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەیخۆن لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها لێڤییەکانی شارۆچکەکانتان، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاریشتان بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات دڵخۆش دەبن.

[19] ئاگاداربن لەوەی لێڤی پشت گوێ بخەن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر خاکەکەتان.

[20] کاتێک یەزدانی پەروەردگاری خۆتان سنووری فراوان کردن وەک لەگەڵتاندا دوا و ئێوەش گوتتان «گۆشت دەخۆین،» چونکە حەزتان بۆ گۆشت خواردن چوو، ئەوا چەند حەزتان بۆی دەچێت لە گۆشت دەخۆن.

[21] ئەگەر ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی خۆی لێ دابنێت لێتانەوە دوور بوو، ئەوە لەو مانگا و مەڕانەی یەزدان پێتانی داوە سەری ببڕن وەک فەرمانم پێکردن و لە شارۆچکەکانتاندا لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی چوو بخۆن.

[22] وەک چۆن مامز و ئاسک دەخورێت ئاوا دەیخۆن، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک لێی دەخۆن،

[23] بەڵام ئاگاداربن خوێن نەخۆن، چونکە خوێن ژیانەکەیە، جا ژیانەکە لەگەڵ گۆشتەکە مەخۆن،

[24] نایخۆن، وەک ئاو لەسەر زەوی دەیڕێژن،

[25] نایخۆن هەتا چاکە بێتە ڕێی خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە، ئەوە دەکەن.

[26] بەڵام شتە تەرخانکراوەکانتان کە هی ئێوەن و نەزرەکانتان هەڵدەگرن و دەچنە ئەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت،

[27] جا قوربانی سووتاندنەکانتان، گۆشتەکە و خوێنەکە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن، بەڵام قوربانییە سەربڕدراوەکانتان، خوێنەکەی لەتەنیشتی قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕژێنرێن و گۆشتەکەش دەخۆن،

[28] هۆشیار بن هەموو ئەو وشانەی من فەرمانتان پێدەدەم گوێڕایەڵی بن، هەتا بۆ خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان چاکە بێتە ڕێتان هەتاهەتایە، کاتێک ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان چاکە و ڕاستە دەیکەن.

[29] یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا ئەو نەتەوانەی لەناو دەبات کە ئێوە خەریکن بۆیان دەچن هەتا دەریانبکەن. بەڵام کاتێک ئێوە دەریاندەکەن و لە خاکەکەیان نیشتەجێ دەبن،

[30] دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.»

[31] بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.

[32] هەموو ئەو قسانەی کە فەرمانم پێکردن، ئاگاداربن بیکەن، نە بۆی زیاد بکەن و نە لێی کەم بکەنەوە.

دواوتاری موسا — Chapters