Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 9:35

[1] ئێستاش ئەی ئیسرائیل، گوێ لەم فەرز و یاسایانە بگرە کە من فێرتان دەکەم هەتا بەجێی بهێنن و بژین و بچنە ناو ئەو خاکە و دەستی بەسەردا بگرن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دەتانداتێ.

[2] ئەو قسانەی من فەرمانتان پێ دەکەم هیچی لێ زیاد و کەم مەکەن، هەتا فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم.

[3] چاوەکانتان بینییان یەزدان چی لە بەعل‌پەعۆردا کرد، هەرچی دوای بەعلی پەعۆر کەوت یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتاندا بە تەواوی لەناوی برد،

[4] بەڵام ئێوە کە خۆتان بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە گرتووە ئەوا هەمووتان ئەمڕۆ زیندوون.

[5] بڕوانە، فەرز و یاساکانم فێرکردن هەروەک یەزدانی پەروەردگارم فەرمانی پێ کردم بۆ ئەوەی ئاوا بکەن لەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن،

[6] ئیتر بیانپارێزن و جێبەجێیان بکەن، چونکە ئەوە دانایی و تێگەیشتوویی ئێوەیە لەبەرچاوی ئەو گەلانەی کە گوێیان لەو هەموو فەرزانە دەبێت و دەڵێن، «ئەم گەلە مەزنە گەلێکی دانا و تێگەیشتوون.»

[7] چونکە چ گەلێکی مەزن هەیە، خوداوەندێکی نزیکی هەبێت وەک یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو داواکارییەکانمان؟

[8] هەروەها چ گەلێک مەزنە و ئەو فەرز و یاسا ڕاستودروستانەی هەیە وەک ئەو هەموو فێرکردنەی من ئەمڕۆ لەبەردەمتان دایدەنێم؟

[9] بەڵام ئاگاداربە و باش خۆت بپارێزە هەتا ئەو شتانە لەبیر نەکەیت کە بە چاوەکانت بینیت، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی ژیانت لە دڵت دەرنەچێت و منداڵەکانت و منداڵی منداڵەکانتی پێ فێر بکە.

[10] ئەو ڕۆژەت لە یاد بێت کە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت ڕاوەستایت لە حۆرێڤ، کە یەزدان پێی فەرمووم: «گەلم بۆ کۆبکەرەوە و وشەکانی منیان بخەرە بەر گوێ، هەتا فێر بن هەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەسەر زەوی زیندوون لێم بترسن و منداڵەکانیان فێر بکەن.»

[11] ئێوەش هاتنە پێش و لە خوارەوەی کێوەکە ڕاوەستان و کێوەکە هەتا ناو جەرگەی ئاسمان بە ئاگر داگیرسا بوو، بە تاریکی و تەمی چڕ،

[12] جا یەزدان لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا و ئێوە گوێتان لە دەنگی وشەکان دەگرت، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەوتان نەبینی، تەنها دەنگ نەبێت.

[13] ئەویش پەیمانەکەی خۆی پێ ڕاگەیاندن کە فەرمانی پێ کردن کاری پێ بکەن، دە ڕاسپاردەکە کە لەسەر دوو تەختەی بەردی نووسی.

[14] لەو کاتەدا یەزدان فەرمانی بە منیش کرد، بۆ ئەوەی فەرز و یاساکانتان فێر بکەم هەتا لەو خاکەدا کاری پێ بکەن کە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.

[15] ئەو ڕۆژەی یەزدان لە حۆرێڤ لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا، ئێوە هیچ وێنەیەکتان نەبینی، بۆیە باش خۆتان بپارێزن

[16] نەوەک گەندەڵ بن و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن، وێنەی نموونەیەک لە شێوەی نێرینەیەک یان مێینەیەک،

[17] یان لە شێوەی ئاژەڵێک لەوانەی لەسەر زەوین یان لە شێوەی باڵندەیەکی باڵدار لەوانەی لە ئاسمان دەفڕن،

[18] یان لە شێوەی خشۆکێک لەوانەی لەسەر زەوییە، یان لە شێوەی ماسییەک لەوانەی لەناو ئاو لەژێر زەوی.

[19] هەروەها نەوەک چاو بۆ ئاسمان بەرز بکەیتەوە و تەماشای خۆر و مانگ و ئەستێرەکان و هەموو ئەو شتانەی کە لە ئاسماندا ڕێکخراون بکەیت، کە یەزدانی پەروەردگارت بە هەموو گەلانی داوە کە لەژێر هەموو ئاسمانن و هەڵبخەڵەتێی و کڕنۆشی بۆ ببەیت و بیپەرستیت.

[20] یەزدان ئێوەی برد و لە کوورەی ئاسنەوە لە میسرەوە دەریهێنان هەتا وەک ئەمڕۆ ببنە گەلی میراتی ئەو.

[21] بەهۆی ئێوەشەوە یەزدان لێم تووڕە بوو و سوێندی خوارد کە من لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە و ناچمە ناو خاکە باشەکەی کە یەزدانی پەروەردگارت وەک میرات پێتان دەدات،

[22] جا من لەم خاکەدا دەمرم و لە ڕووباری ئوردون ناپەڕمەوە، بەڵام ئێوە دەپەڕنەوە و دەست بەسەر ئەو زەوییە باشە دەگرن.

[23] ئاگاداربن، نەوەک پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان لەبیر بکەن کە لەگەڵ ئێوەی بەست و پەیکەرێکی تاشراو بۆ خۆتان دروستبکەن کە لە وێنەی هەر شتێک لەوانەی یەزدانی پەروەردگارتان لێی قەدەغە کردن،

[24] چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاگرێکی بێ ئامانە، خودایەکی ئیرەدارە .

[25] ئەگەر منداڵ و منداڵی منداڵتان بوو و کاتتان درێژەی کێشا لە خاکەکەدا و گەندەڵ بوون و پەیکەری تاشراوتان دروستکرد، وێنەی هەر شتێک و خراپەتان کرد لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان و پەستتان کرد،

[26] ئەمڕۆ ئاسمان و زەوی دەکەم بە شایەتی بەسەرتانەوە کە ئێوە بە خێرایی لەناودەچن لەو خاکەی لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، درێژە بە ڕۆژانتان نادەن لەسەری و بێگومان لەناودەچن.

[27] یەزدان پەرشوبڵاوتان دەکاتەوە لەنێو گەلاندا، جا ژمارەیەکی کەمتان لێ دەمێنێتەوە لەنێو ئەو نەتەوانەی یەزدان دەتانباتە ناویان،

[28] لەوێ بت دەپەرستن دروستکراوی دەستی خەڵکە لە دار و لە بەرد کە نابینن و نابیستن و ناخۆن و بۆن ناکەن.

[29] بەڵام ئەگەر لەوێوە ڕووتان لە یەزدان کرد، خودای خۆتان، ئەوا بۆتان دەردەکەوێت، ئەگەر بە هەموو دڵ و لە ناخەوە بەدوایدا گەڕان.

[30] کاتێک تەنگانەتان هاتە سەر و لە ڕۆژانی دواتر کە هەموو ئەو شتانەتان بەسەرهات، ئەوا بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی ئەو دەبن،

[31] چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی بە بەزەییە، بەجێتان ناهێڵێت و لەناوتان نابات و پەیمانی باوباپیرانتان لەبیر ناکات کە سوێندی بۆیان خوارد.

[32] جا سەبارەت بە ڕۆژانی پێشوو پرسیار بکە کە پێش تۆ بووە، لەو ڕۆژەوەی خودا مرۆڤی لەسەر زەوی بەدیهێنا و لەمپەڕی ئاسمان هەتا ئەوپەڕی، ئایا وەک ئەم شتە مەزنە یان هاوتای بیستراوە؟

[33] ئایا هیچ گەلێک گوێیان لە دەنگی خودا بووە لەنێو ئاگرەوە قسە بکات، وەک تۆ گوێت لێ بوو و ژیابێت؟

[34] ئایا هیچ خودایەک هەیە کە هەوڵی دابێت بە تاقیکردنەوە و بە نیشانە و پەرجوو ، بە جەنگ و دەستێکی پۆڵایین، بە بازووێکی بەهێز و کاری سامناک، نەتەوەیەک لەنێو نەتەوەیەکی دیکەدا بۆ خۆی تەرخان بکات، وەک هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لەبەرچاوتان لە میسر بۆ ئێوەی کرد؟

[35] ئەم شتانەت پیشان درا بۆ ئەوەی بزانیت کە یەزدان خۆی خودایە، بێجگە لەو یەکێکی دیکە نییە.

[36] لە ئاسمانەوە بەم جۆرەی کرد گوێبیستی بن، تاکو تەمبێت بکات، لەسەر زەویش ئاگری مەزنی خۆی پیشان دایت و لەنێو ئاگرەوە گوێت لە وشەکانی بوو،

[37] هەروەها لەبەر ئەوەی باوباپیرانی تۆی خۆشویست و نەوەی ئەوانی هەڵبژارد لە دوایان، بە ئامادەبوونی خۆی و بە هێزە مەزنەکەی خۆی تۆی لە میسرەوە دەرهێنا،

[38] بۆ ئەوەی گەلی مەزنتر و بەهێزتر لە خۆت لەبەردەمت دەربکات و بتهێنێت و وەک ئەمڕۆ خاکەکەیانت وەک میرات بداتێ.

[39] جا ئەمڕۆ بزانە و لە دڵەوە لێی وردببنەوە، یەزدان خۆی خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە و کەسی دیکە نییە،

[40] فەرزەکان و فەرمانەکانی بەجێبهێنە کە من ئەمڕۆ فەرمانت پێدەدەم، هەتا چاکە لەگەڵ خۆت و منداڵەکانت بکات لەدوای خۆت و تەمەن درێژ بیت لەسەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بۆ هەتاهەتایە پێت دەدات.

[41] ئیتر موسا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون سێ شاری جیا کردەوە،

[42] بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست دراوسێکەی خۆی دەکوژێت بۆ ئەوێ ڕابکات، کە پێشتر ڕقی لێی نەبووەتەوە، جا بۆ یەکێک لەو شارانە هەڵدێت و دەژیێت.

[43] ئەمە ئەو شارانە بوون: شاری بەچەر لە دەشتودەر لە زەوی دەشتایی بۆ ڕەئوبێنییەکان و ڕامۆت لە گلعاد بۆ گادییەکان و گۆلان لە باشان بۆ مەنەشەییەکان.

[44] ئەمەش ئەو فێرکردنەیە کە موسا لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا داینا.

[45] ئەمە ئەو یاسا و فەرز و حوکمانەیە کە موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە،

[46] لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر لە خاکی سیحۆنی پاشای ئەمورییەکان کە لە حەشبۆن فەرمانڕەوا بوو، ئەوەی موسا و نەوەی ئیسرائیل شکاندیان لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە میسر.

[47] دەستیان بەسەر خاکەکەیدا گرت لەگەڵ خاکی عۆگی پاشای باشان، هەردوو پاشاکەی ئەمورییەکان کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون.

[48] لە عەرۆعێرەوە کە لەسەر لێواری دەربەندی ئەرنۆنە هەتا چیای سیۆن کە حەرمۆنە،

[49] هەروەها هەموو عەراڤا لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای مردوو لەژێر بنارەکانی پسگە.

دواوتاری موسا — Chapters