Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:33

[1] کاهینە لێڤییەکان و هەموو هۆزی لێڤی بەش و میراتیان لەگەڵ ئیسرائیل نابێت، بەڵکو قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان بەشی ئەوانە، چونکە ئەمە میراتە بۆیان.

[2] جا لەناو براکانیان میراتیان نابێت، یەزدان میراتی ئەوانە وەک بەڵێنی پێدان.

[3] ئەمەش مافی کاهین دەبێت لەسەر گەل، لەوانەی قوربانی سەردەبڕن، جا گا بێت یان مەڕ ، شان و شەویلاکی خوارەوە بە چەناگە و هەردوو ڕوومەتەوە و گەدە بە کاهین دەدرێن.

[4] هەروەها یەکەمین بەرهەمی دانەوێڵە و شەرابی تازە و زەیت و یەکەم بڕینەوەی خوری مەڕەکانتانی پێدەدەن،

[5] چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەناو هەموو هۆزەکانتان هەڵیبژاردن هەتا بوەستن بۆ خزمەتکردن بە ناوی یەزدانەوە، خۆیان و کوڕەکانیان هەتاهەتایە.

[6] ئەگەر لێڤییەک لە هەر یەکێک لە شارۆچکەکانی ئیسرائیل، لەو شوێنەی دەژیێت و پڕ بە دڵی خۆی هات بۆ ئەو شوێنەی کە یەزدان هەڵیدەبژێرێت و

[7] بە ناوی یەزدانی پەروەردگارییەوە خزمەتی کرد، وەک هەموو برا لێڤییەکانی کە لەوێ لەبەردەم یەزدان وەستاون،

[8] ئەوا بەشیان یەکسان دەبێت لە خواردن، بێجگە لەوەی لە میراتی خێزانەکەی دەفرۆشرێت.

[9] کاتێک چوونە ناو ئەو خاکەی کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، فێر مەبن وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو نەتەوانە بکەن.

[10] ئەوانەتان تێدا نییە کە کوڕەکەی یان کچەکەی وەک قوربانی بسووتێنێت، هەروەها نە ئەوانەی فاڵگرتنەوە دەکەن و نە بەخت خوێندنەوە و نە جادووگەری و نە سیحربازی،

[11] نە ئەوانەی نوشتە دەکەن و نە ئەوانەی نێوانگرن و نە ئەوانەی ڕۆح ئامادەکارن و نە ئەوانەی ڕاوێژ بە مردووان دەکەن،

[12] چونکە هەرکەسێک ئەم نەریتانە پەیڕەو بکات لەلای یەزدان قێزەونە، هەر بەهۆی ئەم نەریتە قێزەونانەیە یەزدانی پەروەردگارتان نەتەوەکان لەبەردەمتان ڕاو دەنێت.

[13] لەلای یەزدانی پەروەردگارتان بێ کەموکوڕی دەبن.

[14] ئەو نەتەوانەی ئێوە جێیان دەگرنەوە گوێ لە بەخت خوێنەر و فاڵگرەوان دەگرن، بەڵام بۆ ئێوە یەزدانی پەروەردگارتان بەم شێوەیە ڕێی نەداوە.

[15] یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتان لە براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دەستنیشان دەکات، گوێی لێ دەگرن.

[16] بەگوێرەی هەموو ئەو شتانەی لە یەزدانی پەروەردگارتان داوا کرد لە حۆرێڤ لە ڕۆژی کۆبوونەوە و گوتتان: «با ئیتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان نەبێت و ئەم ئاگرە مەزنەش نەبینینەوە، نەوەک بمرین.»

[17] یەزدانیش پێی فەرمووم: «چاکیان کرد لەوەی گوتیان،

[18] لەنێو براکانیان پێغەمبەرێکی وەک تۆیان بۆ دادەنێم و وتەکانم دەخەمە دەمی و ئەوەی فەرمانی پێدەدەم ئەو بۆیان پێی دەدوێت.

[19] جا وا دەبێت ئەو کەسەی گوێ لە وشەکانم نەگرێت کە ئەو بە ناوی منەوە پێی دەدوێت، من لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەم.

[20] بەڵام ئەو پێغەمبەرەی لووتبەرز دەبێت و بە ناوی منەوە قسەیەک دەکات کە من فەرمانم پێی نەکردووە بیکات، یان ئەوەی بە ناوی خودای دیکەوە قسە بکات، ئەو پێغەمبەرە دەبێت بمرێت.»

[21] ئەگەر لە دڵتانەوە بڵێن، «چۆن ئەو قسەیە بزانین کە یەزدان نەیفەرمووە؟»

[22] ئەوا ئەوەی پێغەمبەرێک بە ناوی یەزدانەوە قسەی پێکردووە و ڕووی نەدا و نەبوو، ئەوە ئەو قسەیەیە کە یەزدان نەیفەرمووە، بەڵکو ئەو پێغەمبەرە بە لووتبەرزییەوە گوتوویەتی، جا لێی مەترسن.

دواوتاری موسا — Chapters