Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:52

[1] ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نەبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە، کە بەرامبەر ئەریحایە، جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا، لە گلعادەوە هەتا دان و

[2] هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و

[3] نەقەب و هەموو ناوچەکە، لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،

[4] یەزدان پێی فەرموو: «ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم: ”دەیدەمە نەوەکەت.“ وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت، بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»

[5] جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد، لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.

[6] یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی، هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.

[7] موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵان بوو کاتێک مرد، هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.

[8] جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا، ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.

[9] یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی، چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو. ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

[10] جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،

[11] لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.

[12] هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.

دواوتاری موسا — Chapters