[1] لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و
[2] بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە.
[3] لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و
[4] گایەک و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
[5] ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان.
[6] موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
[7] پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
[8] ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو.
[9] کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە.
[10] پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد،
[11] بەڵام کەلەش و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
[12] ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
[13] پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
[14] هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
[15] ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم.
[16] هارون بەپێی مەراسیم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد.
[17] هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
[18] گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی.
[19] هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە،
[20] ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا پیوەکەیان لەسەر قوربانگاکە سووتاند،
[21] بەڵام دوو سنگەکە و ڕانی ڕاست، هارون بەرزی کردنەوە بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، هەروەک موسا فەرمانی دا.
[22] ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە.
[23] ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت.
[24] ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.