[1] هەروەها یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و پێی فەرموون:
[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن: ”ئەوانە ئەو گیانلەبەرانەن کە دەیانخۆن، لە هەموو ئاژەڵەکانی سەر زەوی:
[3] هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن.
[4] «”لەوانەی تەنها کاوێژ دەکەن یان تەنها سمیان دوو کەرتە، ئەمانە ناخۆن: وشتر، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
[5] هەروەها گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکات، بەڵام سمی کەرت نییە، گڵاوە بۆتان؛
[6] کەروێشک، چونکە کاوێژ دەکات بەڵام سمی دوو کەرت نییە، بۆیە گڵاوە بۆتان؛
[7] بەراز، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، بۆیە گڵاوە بۆتان.
[8] نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان بدەن، چونکە گڵاوە بۆتان.
[9] «”لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت لەناو ئاوەکان، لەناو دەریاکان و لەناو ڕووبارەکان، ئەوانە دەخۆن.
[10] بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو دەریاکان و ڕووبارەکان، لە هەموو خشۆکەکانی ناو ئاوەکان و هەموو زیندەوەرێکی ناو ئاوەکان، قێزەونە بۆتان.
[11] بۆتان قێزەون دەبێت، لە گۆشتەکەی ناخۆن و قێزتان لە کەلاکەکەی دەبێتەوە.
[12] هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت لەناو ئاوەکان، بۆتان قێزەونە.
[13] «”لە باڵندەکانیش، قێزتان لەمانە دەبێتەوە، ناخورێن، قێزەونن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش،
[14] واشەی سوور و هەموو جۆرەکانی واشەی ڕەش،
[15] هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش،
[16] کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش ، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز،
[17] کوندەپەپووی بچووک، مەلی ماسیگرە، کوندەپەپووی گەورە،
[18] کوندەپەپووی سپی و کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر،
[19] لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.
[20] «”هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ بڕوات بۆ ئێوە قێزەونە.
[21] لەنێو هەموو مێرووێکی باڵدار کە لەسەر چوار پێ دەڕوات تەنها ئەمانە دەخۆن، ئەوەی دوو لاقی نوشتاوەی هەیە لەسەر قاچەکانی و پێیان هەڵدەبەزێتەوە لەسەر زەوی،
[22] ئەمە بە هەموو جۆرەکانییەوە دەخۆن: کوللە و سۆلام و بێوکە و پێکوڕە.
[23] بەڵام ئەوانی دیکە هەر مێرووێکی باڵدار کە چوارپێی هەبێت قێزەونە بۆتان.
[24] «”بەمانە گڵاو دەبن، هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
[25] هەر یەکێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
[26] «”هەموو ئەو ئاژەڵانەش کە سمیان بە تەواوی شەق نەبێت، یان کاوێژ نەکات، ئەوا گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت ئەوا گڵاو دەبێت.
[27] هەر ئاژەڵێکیش لە چوار پێیەکان کە لەسەر ناولەپی بڕوات، گڵاوە بۆتان و هەرکەسێک دەست لە کەلاکیان بدات یان بەر کەلاکیان بکەوێت، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
[28] هەرکەسێک کەلاکیان هەڵبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوە گڵاوە بۆتان.
[29] «”ئەمەش گڵاوە بۆتان لەوانەی لەسەر زەوی دەخشێن، ڕاسۆ ، جرج ، مارمێلکە بە هەموو جۆرەکانییەوە،
[30] قومقمۆکە، بزنمژ، شەوگەرد، مارمێلکەی خشۆک و کامیلۆن.
[31] ئەمانە گڵاوەکانن بۆتان لە هەموو خشۆکەکان، هەرکەسێک دەستیان لێ بدات یان بەریان بکەوێت دوای مرداربوونیان، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
[32] هەر شتێکیش یەکێک لەوانەی کەوتە سەری کە مردبوو، ئەو شتە گڵاو دەبێت، لە هەر شتێک، دار بێت یان قوماش یان پێست یان گوش ، هەر شتێک کە کاری پێ بکرێت، دەخرێتە ناو ئاوەوە و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و پاشان پاک دەبێتەوە.
[33] هەر دەفرێکی گڵینیش ئەمانەی بکەوێتە ناوی، هەرچی تێیدایە گڵاو دەبێت و دەفرەکەش دەشکێنن.
[34] هەر خواردنێکیش کە بخورێت، لەو دەفرەیە ئاوی بەسەردا بکرێت، گڵاو دەبێت. هەر خواردنەوەیەکیش کە لەو دەفرەیە بخورێتەوە، گڵاو دەبێت.
[35] هەر شتێک کەلاکی یەکێک لەوانەی تێبکەوێت، گڵاو دەبێت، ئەگەر تەنوور بێت یان ئاگردان، دەبێت تێکبدرێت، ئەوە گڵاوە و بۆ ئێوە گڵاو دەبێت.
[36] تەنها کانی و ئەمباراو کە ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، ئەوان پاک دەبن، بەڵام هەرکەسێک دەست لە کەلاکی هەر یەکێکیان بدات یان بەر کەلاکی هەر یەکێکیان بکەوێت، ئەوا گڵاو دەبێت.
[37] ئەگەر کەلاکی یەکێکیان کەوتە سەر هەر تۆوێک کە بچێنرێت، ئەوا تۆوەکە پاکە،
[38] بەڵام ئەگەر ئاو لەسەر تۆوەکە هەبوو و کەلاکی یەکێکیانی کەوتە سەر، گڵاوە بۆتان.
[39] «”ئەگەر یەکێک لەو ئاژەڵانەی کە خواردنە بۆتان مرد، هەرکەسێک دەست لە کەلاکی بدات یان بەر کەلاکی بکەوێت، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
[40] هەر یەکێکیش لە کەلاکەکەی بخوات، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، هەر یەکێکیش کەلاکەکەی هەڵبگرێت، ئەوا جلەکانی دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
[41] «”هەموو خشۆکێکیش کە لەسەر زەوی دەخشێت، ئەوە قێزەونە و ناخورێت.
[42] هەرچی لەسەر سکی بڕوات و هەرچی لەسەر چوارپێ بڕوات لەگەڵ هەموو ئەوەی پێی زیاترە، لە هەموو خشۆکەکان کە لەسەر زەوی دەخشێن مەیخۆن، چونکە قێزەونە بۆتان.
[43] خۆتان پیس مەکەن بە خشۆکێک کە دەخشێت، خۆتانی پێ گڵاو مەکەن و پێی گڵاو مەبن.
[44] من یەزدانی پەروەردگارتانم، خۆتان تەرخان بکەن و پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم. خۆتان بە خشۆکێک کە لەسەر زەوی دەخشێت گڵاو مەکەن.
[45] من یەزدانم ئەوەی کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان بۆ ئەوەی ببێتە خوداتان، کەواتە پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.
[46] «”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی ئاژەڵ و باڵندەکان و هەموو گیانلەبەرێک کە لەناو ئاو دەجوڵێت و هەموو گیانێک کە لەسەر زەوی دەخشێت.
[47] پێویستە گڵاو و پاک و ئەو زیندەوەرانەی دەخورێن و ئەو زیندەوەرانەی ناخورێن لێک جیا بکەنەوە.“»