[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو
[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر کەسێک کەسێکی بۆ یەزدان نەزر کرد، ئەوا ئاوای دەخەمڵێنێت،
[3] ئەگەر خەمڵاندنەکەت بۆ نێرێکی تەمەن بیست هەتا شەست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پەنجا شاقل زیو بەگوێرەی شاقلی پیرۆزگا دەبێت.
[4] ئەگەر مێینەش بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت سی شاقل دەبێت.
[5] ئەگەر تەمەنی پێنج هەتا بیست ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت بیست شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
[6] ئەگەر تەمەنی مانگێک هەتا پێنج ساڵ بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پێنج شاقل زیو بۆ نێر و سێ شاقل زیو بۆ مێ دەبێت.
[7] ئەگەر تەمەنی شەست ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو، ئەوا خەمڵاندنەکەت پازدە شاقل بۆ نێر و دە شاقل بۆ مێ دەبێت.
[8] ئەگەر کەسێک نەزری کرد و ئەو کەسە هەژار بوو و ئەو خەمڵاندنەی لە توانادا نەبوو، ئەوا نەزرەکە دەهێنێتە بەردەم کاهین و کاهینەکەش بۆی دەخەمڵێنێت. بەگوێرەی توانای ئەو کەسەی نەزرەکەی کردووە کاهینەکە بۆی دەخەمڵێنێت.
[9] «”ئەگەر نەزرەکە ئاژەڵ بێت، لەوانەی پەسەندە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا هەموو ئەوەی لێی دەدرێت بە یەزدان، پیرۆز دەبێت.
[10] پێویستە نەیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێ نەکات، باش بە خراپ یان خراپ بە باش، ئەگەر ئاژەڵێکی بە ئاژەڵێکی دیکە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە پیرۆز دەبن.
[11] ئەگەر نەزرەکە بەپێی ڕێوڕەسم ئاژەڵێکی گڵاو بوو، لەوانەی کە قبوڵ نییە وەک قوربانی بۆ یەزدان، ئەوا پێویستە ئاژەڵەکە بهێنرێتە بەردەم کاهین.
[12] جا نرخەکەی دەخەمڵێنێت، هەر چۆنێک باش بێت یان خراپ، ئەو نرخەی کاهین دەیخەمڵێنێت، هەر ئەوە دەبێت.
[13] جا ئەگەر خاوەنەکەی ویستی ئاژەڵەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێویستە پێنج یەک بخاتە سەر خەمڵاندنەکە.
[14] «”ئەگەر یەکێک ماڵەکەی تەرخان کرد هەتا بۆ یەزدان پیرۆزکراو بێت، ئەوا کاهینەکە دەیخەمڵێنێت باش بێت یان خراپ، کاهینەکە چۆنی بخەمڵێنێت ئاوا دەبێت.
[15] ئەگەر ئەو کەسە ویستی ماڵە تەرخانکراوەکەی بکڕێتەوە ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و دەبێتەوە هی خۆی.
[16] «”ئەگەر کەسێک بەشێکی لە کێڵگەکەی موڵکی خێزانی خۆی بۆ یەزدان تەرخان کرد، ئەوا خەمڵاندنەکە بەگوێرەی تۆوکردن تێیدا دەبێت، جێی حۆمەرێک تۆوی جۆ بە پەنجا شاقل زیو دەبێت.
[17] ئەگەر لە ساڵی یۆبیلدا کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنەی کە دانراوە دەمێنێتەوە.
[18] بەڵام ئەگەر لەدوای ساڵی یۆبیل کێڵگەکەی تەرخان کرد، ئەوا کاهینەکە بەگوێرەی ئەو ساڵانەی ماوەتەوە بۆ ساڵی ئایندەی یۆبیل، نرخەکەی بۆ دەژمێرێت. لە خەمڵاندنەکە کەم دەکاتەوە.
[19] ئەگەر ئەو کەسەی کێڵگەکەی تەرخان کردووە ویستی کێڵگەکە بکڕێتەوە، ئەوا پێنج یەکی نرخی خەمڵاندنەکە دەخاتە سەری و کێڵگەکە بۆ ئەو دەبێت.
[20] بەڵام ئەگەر کێڵگەکەی نەکڕییەوە یان کێڵگەکەی بە کەسێکی دیکە فرۆشت، ئەوا ئیتر ناکڕدرێتەوە،
[21] بەڵکو کێڵگەکە لە ساڵی یۆبیل ئازاد دەکرێت، پیرۆز دەبێت، وەک کێڵگەی ڕاگیراو بۆ یەزدان. ئەو کاتە دەبێتە موڵکی کاهینەکان.
[22] «”ئەگەر کێڵگەیەکی کڕاوی بۆ یەزدان تەرخان کرد، کە لە کێڵگەکانی موڵکی خێزانی نەبوو،
[23] ئەوا کاهینەکە بڕی خەمڵاندنەکەی بۆ دەژمێرێت هەتا ساڵی یۆبیل، جا کەسەکە لەو ڕۆژە نرخی خەمڵاندنەکە دەدات، وەک تەرخانکراوی پیرۆز بۆ یەزدان.
[24] لە ساڵی یۆبیلیش کێڵگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لێی کڕیوە، بۆ خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکە.
[25] هەموو خەمڵاندنەکەش بەپێی شاقلی پیرۆزگا دەبێت، هەر شاقلێک بیست گیرە دەبێت.
[26] «”بەڵام هەر نۆبەرەیەکی ئاژەڵ کە وەک نۆبەرە بۆ یەزدان جیا دەکرێتەوە، با کەس تەرخانی نەکات، گا بێت یان بەران ئەوا بۆ یەزدانە؛
[27] ئەگەر لە ئاژەڵە گڵاوەکان بوو، ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەیکڕێتەوە و پێنج یەکیشی دەخاتە سەر. ئەگەر نەیکڕییەوە ئەوا بەگوێرەی خەمڵاندنەکە دەفرۆشرێت.
[28] «”بەڵام هەموو ڕاگیراوێک کە مرۆڤ بۆ یەزدانی تەرخان دەکات لە هەموو ئەوانەی هەیەتی، لە خەڵک و ئاژەڵ و کێڵگەکانی موڵکی خۆی، ئەوا نافرۆشرێت و ناکڕدرێتەوە، هەموو ڕاگیراوێک هەرەپیرۆزە بۆ یەزدان.
[29] «”هەرکەسێک تەرخانکراو بێت بۆ قڕکردن بە بارمتە ناکڕدرێتەوە، دەبێت بکوژرێت.
[30] «”هەموو دەیەکی زەوی لە دانەوێڵەی زەوی و بەروبوومی درەختەکان بۆ یەزدانە، پیرۆزە بۆ یەزدان.
[31] ئەگەر کەسێک هەندێک لە دەیەکەکەی خۆی کڕییەوە، ئەوا پێنجیەکی دەخاتە سەر،
[32] بەڵام گاگەل و مێگەل دەیەمی هەر ئاژەڵێک بەژێر گۆچانی شواندا تێبپەڕێت، ئەوا پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان.
[33] نابێت تەماشا بکرێت ئاخۆ باشە یان خراپ و ئاڵوگۆڕی پێ ناکات، ئەگەر ئاڵوگۆڕی پێکرد، ئەوا هەردوو ئاژەڵەکە و ئالۆگۆڕکراوەکە پیرۆز دەبن بۆ یەزدان، ناکڕدرێنەوە.“»
[34] ئەمە فەرمانەکانن کە یەزدان فەرمانی بە موسا کرد بۆ نەوەی ئیسرائیل لە شاخی سینا.