Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 7:15

[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن.

[3] «”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان.

[4] «”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن.

[5] لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات.

[6] لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن.

[7] لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

[8] حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“»

[9] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[10] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتانی دەدەم و دەغڵتان دورییەوە، ئەوا یەکەم مەلوی دروێنەتان بۆ کاهین بهێنن.

[11] ئەویش دەبێت مەلوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، ڕۆژی پاش شەممە کاهین دەبێت بەرزی بکاتەوە.

[12] لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی مەلوەکە، بەرخێکی ساغی یەک ساڵە بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان،

[13] پێشکەشکراوی دانەوێڵەشی دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بکە بە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک شەرابە.

[14] نان و قەرەخەرمان و گەنمی تازە مەخۆن، هەتا ئەو ڕۆژەی قوربانییەکەی خوداتان دەهێنن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانی ئێوە لە هەموو نشینگەکانتان.

[15] «”ئینجا لە ڕۆژی دوای شەممەوە، لەو ڕۆژەوەی کە مەلوەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە دەهێنن، حەوت هەفتەی تەواو بژمێرن،

[16] هەتا ڕۆژی دوای شەممەی حەوتەم بژمێرن کە پەنجا ڕۆژە، ئینجا پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.

[17] لە نشینگەکانتانەوە دوو نانی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بهێنن، لە دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بێت و بە هەویرترشەوە کرابنە نان، یەکەمین بەرهەمە بۆ یەزدان.

[18] لەگەڵ نانەکان حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ و جوانەگایەک و دوو بەران بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. لەگەڵ پێشکەشکراوە دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[19] گیسکێکی نێرینەش بکەنە قوربانی گوناه و دوو بەرخی یەک ساڵەش بکەنە قوربانی هاوبەشی.

[20] جا کاهینەکە دەبێت دوو بەرخەکە لەگەڵ نانی یەکەمین بەرهەمەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە. ئەمانە پێشکەشکراوێکی پیرۆزن بۆ یەزدان، جا دەبێت بۆ کاهینەکە بن.

[21] لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بانگەواز بکەن و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە بۆتان، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە هەموو نشینگەکانتان لە نەوەکانتان.

[22] «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆ بەجێی بهێڵە، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

[23] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[24] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”یەکەم ڕۆژی مانگی حەوت دەبێت پشوو بێت بۆتان، یادی دەنگی کەڕەنایە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە.

[25] هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، بەڵام قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.“»

[26] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[27] «بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.

[28] لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان.

[29] هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە،

[30] هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم.

[31] هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.

[32] شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.»

[33] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[34] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان.

[35] لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن،

[36] حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

[37] «”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی.

[38] جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.

[39] «”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە.

[40] لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن.

[41] حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن.

[42] حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن،

[43] بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

[44] جا موسا سەبارەت بە جەژنەکانی یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

لێڤییەکان — Chapters