Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:10

[1] هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:

[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و پێیان بڵێن: ”هەر پیاوێک لێچوونی هەبێت لە ئەندامی نێرینەی ، ئەوا لێچوونەکەی گڵاوە،

[3] ئەم لێچوونەشی دەبێتە هۆی گڵاوبوونی. ئەگەر ئەندامی نێرینەی لێچوونەکەی بەردەوام بێت یان ڕایگرتبوو، ئەوا گڵاوە.

[4] «”ئەوەی لێچوونەکەی هەیە لەسەر هەر نوێنێک ڕابکشێت، گڵاو دەبێت، لەسەر هەر شتێکیش دانیشێت، گڵاو دەبێت.

[5] ئەوەی دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،

[6] هەرکەسێک لەسەر شتێک دابنیشێت کە کابرای لێچوو لەسەری دانیشتبوو، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات، هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

[7] «”هەرکەسێک دەستی بەر لەشی کابرای لێچوو بکەوێت، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[8] «”ئەگەر کابرای لێچوو تفی لە یەکێکی پاک کرد، دەبێت ئەو کەسەی کە پێشتر پاک بووە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

[9] «”لە کاتی سواریدا زینەکەی ژێری گڵاو دەبێت،

[10] هەرکەسێکیش دەستی لێ بدات، هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت، ئەوەی هەڵیانبگرێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

[11] «”هەرکەسێکیش کابرای لێچوو دەستی لێ بدات، بێ ئەوەی دەستی بە ئاو بشوات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.

[12] «”هەر دەفرێکی گڵین کابرای لێچوو دەستی لێ بدات دەشکێنرێت، هەروەها هەر ئامرازێکی داریش بە ئاو دەشۆردرێت.

[13] «”ئەگەر کابرای لێچوو لە لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت بۆ پاکبوونەوەی و جلەکانی دەشوات و بە ئاوی سازگار خۆی دەشوات، جا پاک دەبێتەوە.

[14] جا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێت بۆ بەردەم یەزدان بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و دەیاندات بە کاهینەکە.

[15] کاهینەکە یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە لێچوونەکەی.

[16] «”ئەگەر پیاوێک تۆوی لێ هاتە دەرەوە، ئەوا هەموو لەشی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت ،

[17] هەر جلێک یان چەرمێک تۆوی بکەوێتە سەر، دەبێت بە ئاو بشۆردرێت و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[18] هەروەها ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەی ڕابکشێت و پیاوەکە تۆوی لێچوو، ئەوا دەبێت هەردووکیان خۆیان بە ئاو بشۆن و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبن.

[19] «”ئەگەر ژنێک خوێنلێچوونی هەبوو، ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەرکەسێک دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[20] «”هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت یان دادەنیشێت لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.

[21] هەرکەسێکیش دەست لە نوێنەکەی بدات، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[22] هەرکەسێکیش دەست لە شتێک بدات کە ئەو لەسەری دانیشتبێت، دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت؛

[23] ئەگەر نوێن بێت یان هەر شتێک کە لەسەری دانیشتووە، هەر کاتێک کەسێکیش دەستی لێ بدات، ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[24] «”ئەگەر پیاوێکیش لەگەڵی ڕابکشێت، جا لە خوێن لێچوونەکە بەر پیاوەکە بکەوێت، ئەوا پیاوەکە حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت و لەسەر هەر نوێنێکیش ڕابکشێت، گڵاو دەبێت.

[25] «”ئەگەر ئافرەتێک ماوەیەکی درێژ خوێنی لێچوو ، بێجگە لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، یان ئەگەر دوای کاتی خوێن لێچوونەکەی هەر بەردەوام بوو، ئەوا هەموو ڕۆژانی خوێن لێچوونەکەی وەک کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی، گڵاو دەبێت.

[26] هەموو نوێنەکەش کە لەسەری ڕادەکشێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی وەک نوێنی ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەیەتی، هەموو ئەو شتانەش کە لەسەری دادەنیشێت، ئەوا گڵاوە وەک گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی.

[27] هەرکەسێکیش دەستیان لێ بدات، گڵاو دەبێت و پێویستە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.

[28] «”ئەگەر لە خوێن لێچوونەکەی پاک بووەوە، ئەوا حەوت ڕۆژ دەژمێرێت، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە،

[29] لە ڕۆژی هەشتەم دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەبات و دەیانهێنێتە لای کاهینەکە، بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.

[30] ئینجا کاهینەکەش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناه و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن. کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گڵاوی خوێن لێچوونەکەی.

[31] «”جا نەوەی ئیسرائیل جیا بکەنەوە لەو شتانەی گڵاویان دەکات، با لە گڵاویدا نەمرن و نشینگەکەم کە لەنێویاندایە گڵاوی نەکەن.“»

[32] ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەمانە: ئەو پیاوەی کە لێچوونی هەبێت، ئەوەی تۆوی لێ دێتە دەرەوە و پێی گڵاو دەبێت،

[33] ئەو ئافرەتەی خوێنلێچوونی مانگانەی هەیە، ئەو پیاوەی یان ئەو ئافرەتەی لێچوونێکی هەیە، ئەو پیاوەش کە لەگەڵ ژنێکی بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو ڕابکشێت.

لێڤییەکان — Chapters