Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:51

[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «هارون و کوڕەکانی ببە، لەگەڵ جلەکان و زەیتی دەستنیشانکردنەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناه و دوو بەرانەکە و سەبەتە نانە فەتیرەکە.

[3] هەموو کۆمەڵیش لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبکەرەوە.»

[4] موساش وەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد، ئیتر کۆمەڵەکە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن کۆبوونەوە.

[5] موسا بە کۆمەڵەکەی گوت: «یەزدان فەرمانی داوە ئەمە بکرێت.»

[6] ئینجا موسا هارون و کوڕەکانی هێنایە پێشەوە و بە ئاو شوشتنی.

[7] کراسەکەی لەبەر هارون کرد و کەمەربەندەکەی بۆ بەست، کەواکەی لەبەری کرد، ئێفۆدەکەی خستە سەر و بە پشتبەستی ئێفۆدەکە بەستی و توندی کرد.

[8] بەرسینەکەی لەبەری کرد و ئوریم و تومیمەکەی خستە ناو بەرسینەکە.

[9] مێزەرەکەشی خستە سەر سەری هارون. لەسەر مێزەرەکە بەلای پێشەوە پلێتە زێڕەکەی دانا کە تاجەگوڵینەی پیرۆزە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

[10] ئینجا موسا زەیتی دەستنیشانکردنەکەی هێنا و چادرەکەی پەرستن و هەرچی تێیدا بوو دەستنیشانی کرد و تەرخانی کرد.

[11] حەوت جاریش بەسەر قوربانگاکەدا پرژاندی و قوربانگاکە و هەموو قاپوقاچاغەکانی و حەوزەکە و بنکەکەی دەستنیشان کرد بۆ تەرخانکردنیان.

[12] هەندێک لە زەیتی دەستنیشانکردنەکەشی لە سەری هارون دا و دەستنیشانی کرد بۆ تەرخانکردنی.

[13] موسا کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و کراسی لەبەرکردن و کەمەربەندی بۆ بەستن و سەرپێچەکانی بۆ توند کردنەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

[14] ئینجا جوانەگاکەی قوربانی گوناهی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکەی گوناه دانا.

[15] موسا سەری بڕی و هەندێک لە خوێنەکەی برد و بە پەنجەی خوێنەکەی لە هەموو قۆچەکانی قوربانگاکە دا و قوربانگاکەی پاککردەوە. پاشماوەی خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە و تەرخانی کرد بۆ کەفارەتکردن بۆی.

[16] موسا هەموو ئەو پیوەی کە هەناوی داپۆشیوە لەگەڵ ئەوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە و هەردوو گورچیلەکەی برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی.

[17] بەڵام جوانەگاکەی بە پێست و کەلەش و ڕیخەکەیەوە، لە دەرەوەی ئۆردوگاکە بە ئاگر سووتاند، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

[18] ئینجا بەرانەکەی قوربانی سووتاندنی هێنایە پێشەوە و هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.

[19] دوای ئەوە موسا سەری بڕی و خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.

[20] بەرانەکەی پارچەپارچە کرد و موسا سەرەکە و پارچەکان و پیوەکەی سووتاند.

[21] بەڵام هەناو و قاچەکانی بە ئاو شوشت، موسا هەموو بەرانەکەی لەسەر قوربانگاکەدا سووتاند، وەک قوربانی بە ئاگر، بۆنی خۆشی، قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

[22] ئینجا بەرانی دووەم، بەرانی ئەرک پێ سپاردنەکەی هێنایە پێشەوە، هارون و کوڕەکانی دەستیان لەسەر سەری بەرانەکە دانا.

[23] موسا سەری بڕی و لە خوێنەکەی برد و لە شلکەی گوێی ڕاستی هارونی دا، هەروەها لە پەنجە گەورەی دەستی ڕاست و پەنجە گەورەی پێی ڕاستی.

[24] هەروەها کوڕەکانی هارونی هێنایە پێشەوە و لە خوێنەکەی هەڵگرت و لە شلکەی گوێی ڕاستیان و پەنجە گەورەی دەستی ڕاستیان و پەنجە گەورەی پێی ڕاستیانی دا، پاشان خوێنی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاند.

[25] لەدوای ئەوە پیو و دوگ و هەموو پیوەکەی هەناوی و سەر جگەر و گورچیلەکان و هەردوو گورچیلە و ڕانی ڕاستی برد.

[26] هەروەها لە سەبەتەی فەتیرەکە، ئەوەی لەبەردەم یەزدانە، نانێک و کولێرەیەک لەوەی بە زەیتە و ناسکە نانێکی برد و لەسەر پیوەکە و لەسەر ڕانە ڕاستەکەی دانا.

[27] هەمووی خستنە سەر دەستی هارون و کوڕەکانی و لەبەردەم یەزدان وەک قوربانی بەرزکردنەوە بەرزیان کردەوە.

[28] ئینجا موسا لە دەستیانی وەرگرت و لەگەڵ قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، ئەوە قوربانی ئەرک پێ سپاردنە، بۆنی خۆشییە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

[29] هەروەها موسا سنگی بەرانی ئەرکسپاردنەکەی برد کە بەشی موسا بوو، وەک قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدانی بەرزی کردەوە، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

[30] پاشان موسا لە زەیتی دەستنیشانکردنەکە و لە خوێنەکەی سەر قوربانگاکەی برد و بەسەر هارون و جلەکانی و بەسەر کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پرژاند. هارون و جلەکانی و کوڕەکانی و جلی کوڕەکانی پێ تەرخان کردن.

[31] ئینجا موسا بە هارون و کوڕەکانی گوت: «گۆشتەکە لەبەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لێبنێن و هەر لەوێش بیخۆن، لەگەڵ ئەو نانەی ناو سەبەتەکەش، قوربانی ئەرکسپاردن، وەک فەرمانم کرد و گوتم: ”هارون و کوڕەکانی بیخۆن.“

[32] ئەوەی لە گۆشت و نانەکەش دەمێنێتەوە بە ئاگر بیسووتێنن،

[33] لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنیش دوور نەکەونەوە، حەوت ڕۆژ هەتا تەواوی ڕۆژەکانی ئەرکسپاردنتان، چونکە حەوت ڕۆژ ئەرکتان پێ دەسپێردرێت.

[34] هەروەک لەم ڕۆژەدا کرا، یەزدان فەرمانی داوە کە بکرێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان.

[35] حەوت شەو و حەوت ڕۆژ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەمێننەوە و وریابن بۆ پارێزگاری لە ئەرکەکانی یەزدان، ئیتر نامرن، چونکە ئاوا فەرمانم پێکراوە.»

[36] جا هارون و کوڕەکانی هەموو ئەو شتانەی یەزدان لە ڕێگەی موسا فەرمانی پێ کردبوو، کردیان.

لێڤییەکان — Chapters