[1] «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان.
[2] دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
[3] لە قوربانی هاوبەشیش قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناو و
[4] دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەرەکەیە و دوو گورچیلەکە لێ دەکاتەوە.
[5] نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.
[6] «”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات.
[7] ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات.
[8] دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.
[9] لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە،
[10] لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە.
[11] کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.
[12] «”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات،
[13] دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن،
[14] لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە،
[15] لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە،
[16] کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.
[17] «”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»