Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:19

[1] لەدوای مردنی دوو کوڕەکەی هارون، کاتێک لەبەردەم یەزدان نزیک ببوونەوە و مردبوون، یەزدان لەگەڵ موسا دوا و

[2] پێی فەرموو: «بە هارونی برات بڵێ با هەموو کاتێک نەیەتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکەی پێش قەپاغی کەفارەتەکە کە لەسەر سندوقەکەیە، نەوەک بمرێت، چونکە من لە هەوردا لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە دەبینرێم.

[3] «هارون بەم شێوەیە بچێتە ناو پیرۆزگاکە: جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت.

[4] کراسێکی کەتان و پیرۆز لەبەر بکات و دەرپێی کەتانی لەبەربێت و بە کەمەربەندی کەتان پشتی ببەستێت و مێزەری کەتانی لەسەر بێت، ئەوە جلوبەرگێکی پیرۆزە، خۆی بە ئاو بشوات و جلەکان لەبەر بکات.

[5] لە کۆمەڵی ئیسرائیلیش دوو گیسکی نێرینە ببات بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن.

[6] «هارون جوانەگاکە پێشکەش بکات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و کەفارەت بۆ خۆی و بۆ ماڵەکەی بکات،

[7] ئینجا دوو گیسکە نێرینەکەش ببات و لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕایانبگرێت.

[8] هارون تیروپشک بۆ دوو گیسکەکە بکات، یەکێکیان بۆ یەزدان و ئەوی دیکە بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا.

[9] ئەو گیسکەی لە تیروپشک بۆ یەزدان دەرچوو، ئەوا هارون پێشکەشی بکات و بیکاتە قوربانی گوناه.

[10] بەڵام ئەو گیسکەی بە تیروپشک بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا دەرچوو، ئەوا بە زیندوویی لەبەردەم یەزدان ڕایبگرێت بۆ کەفارەتکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بۆ عەزازێلی بنێرێتە چۆڵەوانی .

[11] «پێویستە هارون جوانەگاکەی قوربانی گوناه بهێنێت و سەری ببڕێت، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی بکات.

[12] هارون بە پڕی بخووردانەکە پشکۆی ئاگر لەسەر قوربانگاکە لەبەردەم یەزدان ببات، بە پڕی دەستەکانیشی بخووری بۆنخۆشی باش کوتراوە ببات و بیانباتە پشت پەردەکە.

[13] ئەو لەبەردەم یەزدان بخوورەکە بەسەر ئاگرەکەدا بکات، هەروەها دووکەڵی بخوورەکە قەپاغەکەی کەفارەت داپۆشێت کە لەسەر سندوقی پەیمانە، ئیتر نامرێت.

[14] ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بیپرژێنێت.

[15] «ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت.

[16] بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان.

[17] نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات.

[18] «ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات.

[19] بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات.

[20] «کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات.

[21] هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی.

[22] گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات.

[23] «ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت.

[24] لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات.

[25] پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت.

[26] «ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.

[27] جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و کەلەش و ڕیخەکەیان بە ئاگر بسووتێنن.

[28] ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.

[29] «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە،

[30] چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە.

[31] ئەمە شەممەیە، پشوودانە بۆتان، فەرزێکی هەتاهەتاییشە کە گیانی خۆتان زەلیل بکەن.

[32] ئەو کاهینەش کە بە زەیت دەستنیشان دەکرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە جیاتی باوکی ببێتە سەرۆک کاهین کەفارەت بکات، جلە کەتانەکان لەبەر بکات، جلە پیرۆزەکان،

[33] کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە بکات. هەروەها کەفارەت بۆ کاهینەکان و هەموو کۆمەڵی گەل بکات.

[34] «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل لە هەموو گوناهەکانیان، ساڵی جارێک.» ئیتر ئاوا کرا، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

لێڤییەکان — Chapters