Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 2:58

[1] «”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و

[2] بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە،

[3] ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

[4] «”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت.

[5] ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت،

[6] پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە.

[7] ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت.

[8] پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت.

[9] کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[10] ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

[11] «”هەموو ئەو دانەوێڵە پێشکەشکراوانەی بۆ یەزدانی دەبەن، نابێت بە هەویرترش بێت، چونکە هیچ شتێکی بە هەویرترش و هیچ هەنگوینێک وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان نابێت بسووتێنن.

[12] دەتوانن وەک یەکەمین بەرهەمتان پێشکەش بە یەزدانی بکەن، بەڵام لەسەر قوربانگاکە پێشکەش ناکرێت وەک بۆنی خۆشی.

[13] هەموو پێشکەشکراوەکانت لە دانەوێڵە بە خوێ سوێری دەکەیت و با هیچ دانەوێڵەیەکت بەبێ خوێی پەیمانی خودات نەبێت. بۆ هەموو قوربانییەکانت خوێی پێوە دەکەیت.

[14] «”ئەگەر دانەوێڵەت بۆ یەزدان پێشکەش کرد، دانەوێڵەی یەکەمین بەرهەمەکانت پێشکەش دەکەیت، دەبێت گوڵەکەی بێت و برژا بێت، کوتراوە و پاککراوە بێت.

[15] زەیتی بەسەردا دەکەیت و بخووری سادەی لەسەر دادەنێیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە.

[16] کاهینیش بەشی یادەوەرییەکەی لە کوتراوەکەی و زەیتەکەی و هەموو بخوورەکەی دەسووتێنێت وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

لێڤییەکان — Chapters