[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
[2] «فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت.
[3] لەناو چادری چاوپێکەوتن، لە دەرەوەی پەردەی شوێنی هەرەپیرۆز، هارون لە ئێوارەوە هەتا بەیانی بە بەردەوامی چرادانەکە لەبەردەم یەزدان ڕێک دەخات. فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان.
[4] چراکە لەسەر چرادانەکەی کە لە زێڕی بێگەردە پێویستە بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان ڕێکبخرێت.
[5] «باشترین ئاردیش دەبەیت و دەیکەیتە دوازدە کولێرە، بۆ هەر کولێرەیەک دوو دەیەکی ئێفەیەک بەکاردەهێنیت،
[6] دەیانکەیت بە دوو ڕیز، هەر ڕیزە و شەش نان، لەسەر مێزە زێڕینە بێگەردەکە لەبەردەم یەزدان.
[7] لەسەر هەر ڕیزێکیش بخووری سادەی بێگەرد دادەنێیت، جا بۆ نانەکە دەبێتە یادەوەری قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.
[8] ئەم نانەش بە بەردەوامی هەموو ڕۆژێکی شەممە لەبەردەم یەزدان ڕێکدەخرێت، پەیمانێکی هەتاهەتاییە لە پێناو نەوەی ئیسرائیل.
[9] ئەمە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت و لە شوێنێکی پیرۆز دەیخۆن، چونکە هەرەپیرۆزە لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، بەشێکی چەسپاوە.»
[10] کوڕێک کە دایکی ئیسرائیلی و باوکی میسری بوو چووە نێو نەوەی ئیسرائیل و لە ئۆردوگاکە لەگەڵ پیاوێکی ئیسرائیلی بووە شەڕیان.
[11] کوڕی ژنە ئیسرائیلییەکە کفر و نەفرەتی سەبارەت بە ناوی یەزدان کرد، هێنایانە لای موسا، دایکیشی ناوی شەلۆمیتی کچی دبری بوو، لە هۆزی دان.
[12] لە شوێنێکیان دانا لەژێر چاودێری پاسەوان، هەتا بڕیاری یەزدانیان پێ ڕابگەیەنرێت.
[13] جا یەزدان بە موسای فەرموو:
[14] «ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبە دەرەوەی ئۆردوگاکە، هەموو ئەوانەی گوێیان لێی بوو دەستیان لەسەر سەری دادەنێن و هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن.
[15] لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی نەفرەت لە خودای خۆی بکات، ئەوا تاوانی لە ئەستۆی خۆی دەبێت.
[16] ئەوەی کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، ئەوا دەکوژرێت، هەموو کۆمەڵەکە بەردبارانی دەکەن، بیانی و هاوڵاتی وەک یەک، کاتێک کفر سەبارەت بە ناوی یەزدان بکات، دەکوژرێت.
[17] «”ئەگەر کەسێک کەسێکی کوشت ئەوا دەکوژرێت.
[18] ئەوەی ئاژەڵی کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا قەرەبووی دەکاتەوە، گیان بە گیان.
[19] ئەگەر یەکێک شتێکی لە کەسێک کرد، چی کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە،
[20] شکان بە شکان و چاو بە چاو و ددان بە ددان، چی لەو کەسە کردووە ئاوای لێ دەکرێتەوە.
[21] ئەوەی ئاژەڵێک بکوژێت، قەرەبووی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی کەسێک بکوژێت دەکوژرێتەوە.
[22] یەک یاساتان دەبێت، بیانی وەک هاوڵاتی دەبێت، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
[23] جا موسا بە نەوەی ئیسرائیلی گوت، ئەوەی نەفرەتی کردووە، بیبەنە دەرەوەی ئۆردوگاکە و بەردبارانی بکەن. نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.