Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 1:40

[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر ژنێک سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو، ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم بۆ حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت، هەروەک لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەی گڵاو دەبێت.

[3] لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆرپەکە خەتەنە دەکرێت،

[4] ئینجا دایکەکە سی و سێ ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە هەتا لە خوێن لێچوونەکەی پاک ببێتەوە، بەر هیچ شتێکی پیرۆز ناکەوێت و بۆ پیرۆزگا ناچێت، هەتا ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو دەبێت.

[5] ئەگەر کچی بوو، ئەوا دوو هەفتە پاک نابێت، هەروەک لە خوێنلێچوونی بێت، ئینجا شەست و شەش ڕۆژی دیکە دەمێنێتەوە، هەتا لە زەیستانییەکەی پاک ببێتەوە.

[6] «”کاتێک ڕۆژانی پاکبوونەوەی تەواو بوو، ئەگەر کوڕی بووبێت یان کچ، ئەوا بەرخێکی یەک ساڵە وەک قوربانی سووتاندن و بێچووە کۆترێک یان کوکوختییەک وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە بەر دەروازەی چادری چاوپێکەوتن بۆ کاهینەکە.

[7] ئەویش لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات و کەفارەتی بۆ دەکات، ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم لە خوێن لێچوونەکەی پاک دەبێتەوە. «”ئەوە ڕێنماییە بۆ ئەو ژنەی کوڕ یان کچی دەبێت.

[8] بەڵام ئەگەر دەستکورت بوو بەرخێک بهێنێت، ئەوا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر، یەکێکیان بۆ قوربانی سووتاندن و ئەوی دیکە بۆ قوربانی گوناه، بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و پاک دەبێتەوە.“»

لێڤییەکان — Chapters