Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:23

[1] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[2] «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی،

[3] یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات،

[4] ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە،

[5] یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی.

[6] لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت،

[7] کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»

[8] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[9] «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە.

[10] کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت.

[11] ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت.

[12] پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت.

[13] ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.

[14] «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە.

[15] بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان.

[16] ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن.

[17] بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان.

[18] هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»

[19] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[20] «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران.

[21] لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[22] ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ.

[23] هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»

[24] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[25] «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە.

[26] ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن.

[27] هەر شتێک بەر کەلەشەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت.

[28] بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت.

[29] هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە.

[30] بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.

لێڤییەکان — Chapters