Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 4:15

[1] «”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

[2] «”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

[3] «”یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

[4] «”یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.

[5] «”ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و

[6] بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.

[7] «”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن.

[8] دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە.

[9] لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە.

[10] ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

[11] «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە.

[12] دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە.

[13] بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»

[14] هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

[15] «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا ، ئەوە قوربانی تاوانە.

[16] هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

[17] «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

[18] بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

[19] ئەوە قوربانی تاوانە، چونکە تاوانێکی سەبارەت بە یەزدان کردووە.»

لێڤییەکان — Chapters