[1] «”بت بۆ خۆتان دروستمەکەن و پەیکەری تاشراو و بەردی تەرخانکراو دامەمەزرێنن، لە خاکەکەتان بەردی وێنە لەسەر کێشراو دامەنێن، هەتا کڕنۆشی بۆ ببەن، چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم.
[2] «”شەممەکانم دەپارێزن و ڕێز لە پیرۆزگاکەم دەگرن، من یەزدانم.
[3] «”ئەگەر فەرزەکانم بەجێبهێنن و فەرمانەکانم بەجێبگەیەنن و کاری پێ بکەن،
[4] ئەوا لە کاتی خۆی بارانتان دەدەمێ و زەویش بەری خۆی دەدات و درەختەکانی کێڵگەش بەروبووم دەدات.
[5] گێرەکردنتان بەردەوام دەبێت هەتا چنینەوەی ترێ و چنینەوەی ترێ بەردەوام دەبێت هەتا چاندن، جا هەتا تێری نانتان دەخۆن و بە ئاسوودەیی لە خاکەکەتان نیشتەجێ دەبن.
[6] «”ئاشتیش لە خاکەکەدا دەنێمەوە، جا دەخەون و کەس ناتانترسێنێت، گیانلەبەرە دڕندەکانیش لە خاکەکەدا لادەبەم و شمشێر بە خاکەکەتاندا تێناپەرێت.
[7] دوژمنەکانتان ڕاودەنێن و لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
[8] پێنج لە ئێوە سەد ڕاودەنێن و سەد لە ئێوە ڕاوی دە هەزار دەنێن و دوژمنەکانتان لەبەردەمتان بە شمشێر دەکوژرێن.
[9] «”ئاوڕتان لێ دەدەمەوە و بە بەروبوومتان دەکەم و زیادتان دەکەم و پەیمانم لەگەڵتان دەبەمەسەر،
[10] جا لە بەروبوومی دروێنەی ساڵی پێشوو دەخۆن و بۆ ئەمبارکردنی بەروبوومی نوێ، کۆنەکە دەردەهێنن.
[11] نشینگەکەم لەنێوتان دادەنێم و قێزتان لێ ناکەمەوە،
[12] لەنێوتان هاتوچۆ دەکەم و دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من.
[13] من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسر دەریهێنان، لەوەی کە کۆیلەی ئەوان بوون و کۆتی نیری ئێوەی شکاند و بە سەربەرزییەوە بەڕێی کردن.
[14] «”بەڵام ئەگەر گوێم لێ نەگرن و هەموو ئەم فەرمانانە جێبەجێ نەکەن،
[15] ئەگەر فەرزەکانم ڕەت بکەنەوە و قێزتان لە یاساکانم ببێتەوە و فەرمانەکانم بەجێنەهێنن، بەڵکو پەیمانەکەم بشکێنن،
[16] ئەوا من ئەمەتان پێ دەکەم، ترس و تۆقین و نەخۆشی سیل و تایەکتان دەهێنمە سەر کە چاوتان کوێر بکات و گیانتان بشێوێنێت، بێهوودە کشتوکاڵەکەتان دەچێنن، چونکە دوژمنەکانتان دەیخۆن.
[17] من ڕووتان لێ وەردەگێڕم، جا دوژمنەکانتان دەتانشکێنن و ناحەزەکانتان بەسەرتاندا زاڵ دەبن و کەسیش بەدواتانەوە نەبێت هەر هەڵدێن.
[18] «”ئەگەر لەگەڵ ئەوەش هەر گوێم لێ نەگرن، ئەوا حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
[19] جا لەخۆبایی کەللەڕەقیتان دەشکێنم و ئاسمانتان وەک ئاسن لێ دەکەم و زەویتان وەک بڕۆنز،
[20] بێهوودە ماندوو دەبن و زەویتان بەری خۆی نادات و درەختی زەوی بەروبوومی نادات.
[21] «”ئەگەر بە پێچەوانە لەگەڵم جوڵانەوە و نەتانویست گوێم لێ بگرن، ئەوا جارێکی دیکە حەوت قات کارەساتەکەتان لەسەر زیاد دەکەم، بەگوێرەی گوناهەکانتان.
[22] دڕندەی کێویتان بۆ بەڕەڵا دەکەم و بێ منداڵتان دەکات و مەڕوماڵاتتان قڕ دەکات و کەمتان دەکاتەوە، جا ڕێگاتان چۆڵ دەبێت.
[23] «”ئەگەر بەوەش تەمبێ نەبوون و بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
[24] ئینجا منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان ئازارتان دەدەم.
[25] شمشێرێکتان دەهێنمە سەر، تۆڵەی تووڕەیی پەیمانەکەتان لێ دەکاتەوە، جا لە شارۆچکەکانتان کۆدەبنەوە و دەرد دەنێرمە نێوانتان و دەدرێنە دەست دوژمن.
[26] کە نان بڕاوتان دەکەم، هەموو نانەکەتان بە دە ژن و لە یەک تەنوور دەکرێت، بە پێوانەش بەشی دەکەن و دەیخۆن، بەڵام تێر نابن.
[27] «”ئەگەر بەوەش گوێم لێ نەگرن، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
[28] ئەوا بە پێچەوانەوە لەگەڵتان دەجوڵێمەوە بە تووڕەییم و حەوت قات بۆ گوناهەکانتان سزاتان دەدەم.
[29] جا گۆشتی کوڕ و کچەکانتان دەخۆن.
[30] نزرگەکانی سەر بەرزاییتان وێران دەکەم و قوربانگاکانی بخوورتان تەخت دەکەم، لاشەکانتان فڕێدەدەمە سەر لاشەی بتەکانتان و قێزتان لێ دەکەمەوە.
[31] شارۆچکەکانتان وێران دەکەم و شوێنە پیرۆزەکانتان دەکەمە چۆڵەوانی، بۆنەکانی خۆشی قوربانی ئێوە دڵخۆشم ناکات.
[32] زەوییەکە دەکەمە چۆڵەوانی و دوژمنەکانتان کە تێیدا نیشتەجێ دەبن، سەرسام دەبن.
[33] بەناو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاوتان دەکەمەوە و شمشێرەکەم هەڵدەکێشم و ڕاوتان دەنێم. جا خاکەکەتان دەبێتە چۆڵەوانی و شارۆچکەکانتان وێران دەبێت،
[34] ئەوسا زەوی پشووی ساڵەکانی خۆی وەردەگرێت، هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی، ئێوەش لە خاکی دوژمنەکانتان دەبن، ئەوسا زەوی پشوو دەدات، سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت.
[35] هەموو ڕۆژانی چۆڵبوونی پشوو دەدات، ئەو پشووانەی کە ئێوە پێتان نەدەدا، کاتێک تێیدا نیشتەجێ بوون.
[36] «”ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە، ئەوا ترسنۆکی دەخەمە دڵیان لە خاکی دوژمنانیان و دەنگی گەڵایەکی هەڵوەریو دەیانبەزێنێت، جا وەک لە شمشێر هەڵبێن ئاوا هەڵدێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت دەکەون.
[37] بەسەر یەکتردا دەکەون هەروەک لە شمشێر هەڵبێن و بێ ئەوەی کەس ڕاویان بنێت، لەبەردەم دوژمنەکانتان هەستانەوەتان نابێت،
[38] جا لەنێو گەلان لەناودەچن و خاکی دوژمنانتان دەتانخوات.
[39] ئەوانەی لێتان دەمێنێتەوە ئەوا لە خاکی دوژمنانتان بە گوناهەکانیانەوە لەناودەچن، هەروەها بە گوناهی باوکانیشیانەوە لەناودەچن.
[40] «”بەڵام ئەگەر دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و باوک و باپیرانیاندا نا، لەو ناپاکییەی لەگەڵ من کردیان کە بە پێچەوانەوە لەگەڵم جوڵانەوە،
[41] لەبەر ئەوە منیش بە پێچەوانەوە لەگەڵیاندا جوڵامەوە و ئەوانم بردە خاکی دوژمنانیان هەتا دڵە خەتەنە نەکراوەکانیان بێفیز بێت و باجی گوناهەکانیان بدەنەوە،
[42] ئەوا پەیمانەکەم لەگەڵ یاقوب بەبیر دێتەوە. هەروەها پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاق و پەیمانەکەم لەگەڵ ئیبراهیم و خاکەکەشم بەبیر دێتەوە.
[43] خاکەکەش لەلایەن ئەوانەوە چۆڵ دەکرێت و سوود لە پشووەکانی وەردەگرێت کاتێک بەبێ ئەوان چۆڵەوانییە. ئەوانیش باجی گوناهەکانیان دەدەنەوە، چونکە یاساکانی منیان ڕەتکردەوە و لە ناخەوە قێزیان لە فەرزەکانم بووەوە.
[44] بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لە خاکی دوژمنانیان بوون، ڕەتم نەکردنەوە و قێزم لێیان نەکردەوە، هەتا بە تەواوی لەناویان ببەم و پەیمانم لەگەڵیان بشکێنم، چونکە من یەزدانی پەروەردگاریانم.
[45] بەڵکو لە پێناویان یادی ئەو پەیمانەیان بۆ دەکەمەوە کە لەگەڵ باوباپیرانیان بەستم، ئەوانەی لەبەرچاوی نەتەوەکان لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان هەتا ببمە خودای خۆیان. من یەزدانم.“»
[46] ئەوانە فەرز و یاسا و ڕێنماییەکان بوون کە یەزدان لەنێوان خۆی و نەوەی ئیسرائیلدا داینا، لە شاخی سینا لەسەر دەستی موسا.