Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 3:06

[1] یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی:

[2] «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.

[3] «”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت،

[4] دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی لێی وەردەگیرێت.

[5] جوانەگاکەش لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە.

[6] قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات،

[7] نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن.

[8] نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن.

[9] هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[10] «”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات.

[11] لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن.

[12] پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات.

[13] هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

[14] «”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات.

[15] کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت.

[16] چیکڵدانەکەی بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە.

[17] لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

لێڤییەکان — Chapters