[1] کە ڕزگارمان بوو زانیمان ئەو دوورگەیە پێی دەگوترێ ماڵتا.
[2] دانیشتووانەکەی چاکەیەکی لە ڕادەبەدەریان لەگەڵ کردین، چونکە ئاگریان بۆ کردینەوە و پێشوازییان لە هەموومان کرد، لەبەر ئەو باران و سەرمایەی لێیدابووین.
[3] پۆڵس هەندێک چیلکەی کۆکردەوە و خستییە ئاگرەکە، تیرەمارێک لەبەر گەرماییەکە دەرپەڕی و خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی.
[4] کاتێک خەڵکەکە تیرەمارەکەیان بینی خۆی بە دەستیەوە هەڵواسی بوو، بە یەکتریان گوت: «بێگومان ئەم کابرایە بکوژە، هەرچەندە لە دەریا ڕزگاری بوو، دادپەروەری نەیهێشت بژیێت.»
[5] بەڵام پۆڵس تیرەمارەکەی ڕاوەشاندە ناو ئاگرەکە و تووشی هیچ زیانێک نەبوو.
[6] ئەوانیش چاوەڕێیان دەکرد بئاوسێت یان لەناکاو بە مردوویی بکەوێت. بەڵام زۆر چاوەڕێیان کرد و بینییان هیچی بەسەرنەهات، ئەوسا بیروڕایان گۆڕی و سەبارەت بە پۆڵس گوتیان: «ئەمە خوداوەندێکە!»
[7] دەوروبەری ئەو شوێنە زەوی و زاری پیاوگەورەی دوورگەکە بوو کە ناوی پۆبلیۆسە، ئەو پێشوازی لێکردین و سێ ڕۆژ بە خۆشییەوە میوانداری کردین.
[8] وا ڕێککەوت باوکی پۆبلیۆس کەوتبوو، تا و سکچوونی هەبوو. پۆڵس چووە لای و نوێژی کرد، دەستی لەسەر دانا و چاکیکردەوە.
[9] کاتێک ئەمە ڕوویدا، نەخۆشەکانی دیکەی دوورگەکە دەهاتن و چاک دەبوونەوە،
[10] ئیتر بە زۆر شێوە ڕێزیان گرتین، کە بەڕێکەوتین هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردین.
[11] دوای سێ مانگ بە کەشتییەکی ئەسکەندەری بەڕێکەوتین، کە زستانی لە دوورگەکە بەسەربرد بوو، وێنەی دووانەی لەسەر بوو.
[12] کاتێک لە سیراکۆسا دابەزین سێ ڕۆژان ماینەوە.
[13] ئینجا لەوێ ڕۆیشتین و گەیشتینە ڕیگیۆم. بۆ بەیانی بای خواروو هەڵیکرد، لە ڕۆژی دووەم هاتینە پوتیولی.
[14] لەوێ برایانمان دۆزییەوە، داوایان لێکردین هەفتەیەک بمێنینەوە. بەم شێوەیە هاتینە ڕۆما.
[15] لەوێوە کە برایان هەواڵی ئێمەیان بیست، تاکو گۆڕەپانی ئەپیۆس و سێ خانەکە هاتنە پیشوازیمان. کاتێک پۆڵس بینییانی سوپاسی خودای کرد و ورەی بەرزبووەوە.
[16] کاتێک گەیشتینە ڕۆما، ڕێگا بە پۆڵس درا بە تەنها لەگەڵ ئەو سەربازەی پاسەوانی دەکرد نیشتەجێ بێت.
[17] دوای سێ ڕۆژ پۆڵس پێشەوایانی ڕابەرانی جولەکەی بانگکرد، کاتێک کۆبوونەوە پێی گوتن: «برایان، هەرچەندە هیچم لە دژی گەلەکەمان و نەریتی باوباپیرانمان نەکردووە، لە ئۆرشەلیم گیرام و درامە دەستی ڕۆمانییەکان.
[18] لێکۆڵینەوەیان لەگەڵم کرد ویستیان ئازادم بکەن، چونکە هۆیەکیان بۆ کوشتنم نەدۆزییەوە.
[19] بەڵام جولەکە ناڕازی بوون و منیش ناچار بووم داواکارییەکەم بدەمە قەیسەر، بۆ شتێکم نەبوو سکاڵا لە گەلی خۆم بکەم.
[20] لەبەر ئەوە داوام کرد بتانبینم و قسەتان لەگەڵ بکەم، چونکە لە پێناوی هیوای ئیسرائیل ئەم زنجیرەم پێوەیە.»
[21] وەڵامیان دایەوە: «دەربارەی تۆ نامەمان لە یەهودیاوە وەرنەگرتووە، کەسیش لە برایان نەهاتووە تاکو دەربارەی تۆ هەواڵمان بداتێ یان بە خراپە باست بکات.
[22] بەڵام پێمان خۆشە گوێمان لێت بێت تۆ چۆنی دەبینیت، چونکە سەبارەت بەم ڕێبازە دەزانین لە هەموو شوێنێک بەربەرەکانێی دەکرێت.»
[23] ڕۆژێکیان بۆ دیتنی پۆڵس دیاری کرد و زۆر کەس هاتنە ماڵەکەی. ئەویش لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە بۆیانی ڕوون دەکردەوە و شایەتی بۆ پاشایەتی خودا دەدا، هەوڵی دەدا بە تەوراتی موسا و پەڕتووکی پێغەمبەران دەربارەی عیسا قەناعەتیان پێ بهێنێت.
[24] جا هەندێکیان بەو قسانەی قایل بوون، هەندێکیش باوەڕیان نەکرد.
[25] ئینجا بە جیاوازی بیروڕاوە ئەوێیان بەجێهێشت کاتێک پۆڵس دوایین قسەی بۆ کردن: «ڕۆحی پیرۆز لە ڕێگەی ئیشایا پێغەمبەرەوە ڕاستی بە باوباپیرانتان فەرمووە:
[26] «[بڕۆ لای ئەم گەلە و پێی بڵێ: ”ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن، ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن!“
[27] چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و گوێیان قورس بووە، چاویان نوقاندووە، نەوەک بە چاویان ببینن و بە گوێیان ببیستن و بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە، منیش چاکیان بکەمەوە.]
[28] «با لەلاتان زانراو بێت، ڕزگاریی خودا بۆ نەتەوەکان نێردرا، ئەوانیش گوێ دەگرن.» ⌟
[29] کاتێک ئەمەی گوت، جولەکەکان ڕۆیشتن و دەمەقاڵێیەکی زۆریان هەبوو.⌞
[30] پۆڵس دوو ساڵی تەواو لەو ماڵەی بە کرێی گرتبوو مایەوە، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە لای،
[31] بەوپەڕی ئاشکرایی و بێ کۆسپ شانشینی خودای ڕادەگەیاند و سەبارەت بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خەڵکی فێردەکرد.