Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:22

[1] پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆک کاهین و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتن، لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد.

[2] کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت،

[3] بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین.

[4] بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.

[5] «بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی سەراپای جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە، پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە.

[6] هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات و ئێمەش گرتمان. ⌟ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین.

[7] بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و

[8] فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.⌞ جا ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە، هەر لە خۆی هەموو ئەو شتانە دەزانیت کە سکاڵای لەو پێدەکەین.»

[9] جولەکەش لایەنگریان کرد و گوتیان، شتەکان وایە.

[10] کە فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ کرد قسە بکات، پۆڵس وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم.

[11] دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم.

[12] نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ یەکێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە.

[13] ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن.

[14] بەڵام ئەمە بۆ تۆ دەدرکێنم، بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی پێی دەڵێن ڕێباز ئاوا خودای باوباپیرانم دەپەرستم، باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە.

[15] هیوام بە خودایە لەوەی خۆیان چاوەڕێی دەکەن، کە هەستانەوە دەبێت، بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش.

[16] لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.

[17] «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم.

[18] منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە.

[19] بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد.

[20] یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم سەنهەدریندا ڕاوەستام،

[21] جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»

[22] فیلیکسیش دوایخستن، کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە هەبوو، گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.»

[23] ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.

[24] پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت.

[25] کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.»

[26] بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.

[27] دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، فیلیکس پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.

کرداری نێردراوان — Chapters