Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 6:47

[1] شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو. هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت.

[2] هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا.

[3] بەڵام شاول کڵێسای لەناودەبرد، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.

[4] ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنی وشەی خودایان بڵاودەکردەوە.

[5] فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند.

[6] خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد.

[7] ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە.

[8] جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.

[9] پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!»

[10] گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەمەیە هێزی خودا کە پێی دەگوترێ گەورە.»

[11] ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون.

[12] بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران.

[13] شیمۆنیش باوەڕی هێنا، کاتێک لە ئاو هەڵکێشرا دوای فیلیپۆس کەوت، نیشانە و پەرجووی گەورەی دەبینی دەکرا، سەرسام بوو.

[14] کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن.

[15] کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن تاکو ڕۆحی پیرۆز وەربگرن،

[16] چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئاو هەڵکێشرابوون.

[17] جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.

[18] شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و

[19] گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»

[20] پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت!

[21] لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە.

[22] لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت،

[23] چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و لە بەندی گوناهیت.»

[24] شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»

[25] دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.

[26] فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆس گوت: «هەستە و بەرەو خواروو بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.»

[27] ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی، وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم.

[28] لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە.

[29] ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و دەگەڵ ئەو گالیسکەیە بکەوە.»

[30] ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»

[31] گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.

[32] ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو: [ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا، وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە، ئەو دەمی نەکردەوە.

[33] لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێ بەشکرا. ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟ چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.]

[34] خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟»

[35] ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.

[36] کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» ⌟

[37] فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»⌞

[38] ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا.

[39] کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.

[40] فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.

کرداری نێردراوان — Chapters