Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:27

[1] هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.»

[2] کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون.

[3] پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە نەتەوەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە.

[4] کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.

[5] بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»

[6] جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە.

[7] پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە نەتەوەکان مزگێنی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن.

[8] خودای دڵناس، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە.

[9] بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە.

[10] ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟

[11] بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»

[12] ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو نەتەوەکان ئەنجامی داوە.

[13] دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن:

[14] شیمۆن ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ نەتەوەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن .

[15] وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:

[16] «[دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە، ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە، سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە،

[17] تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن، هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات

[18] کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.]

[19] «لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەوانەی لە نەتەوەکانن کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە،

[20] بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن،

[21] چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»

[22] ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباس بۆ ئەنتاکیا بیاننێرن، یەهوزا کە نازناوی بەرساباس بوو لەگەڵ سیلا، دوو پیاو کە لەنێو باوەڕداراندا پێشەوا بوون.

[23] بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی : mo لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان، mc بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا: mo سڵاو. m

[24] بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون.

[25] بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بۆ لاتان بنێرین،

[26] پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان.

[27] جا یەهوزا و سیلامان بۆ ناردن تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن،

[28] چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن:

[29] خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن. mc ماڵ ئاوا.

[30] ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد.

[31] کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون.

[32] یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە.

[33] پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، ⌟

[34] بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.⌞

[35] پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.

[36] پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە سەر لە برایان بدەین، لە هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و هەواڵیان بزانین.»

[37] بەرناباسیش پێشنیاری کرد یۆحەنا کە نازناوی مەرقۆسە لەگەڵ خۆیاندا بیبەن.

[38] بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەوەی لە پامفیلیا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت، ئەو لەگەڵ خۆیاندا نەبەن.

[39] لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو.

[40] بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران.

[41] ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.

کرداری نێردراوان — Chapters