Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 5:16

[1] لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا.

[2] لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە.

[3] پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن.

[4] پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!»

[5] ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.

[6] پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!»

[7] ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی.

[8] ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد.

[9] هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات.

[10] جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.

[11] کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسی بوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو.

[12] پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟

[13] خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات.

[14] ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە کرد و داوای وەرگرتنەوەی بکوژێکتان کرد.

[15] سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە.

[16] ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.

[17] «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان.

[18] بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی.

[19] کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و

[20] مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو.

[21] ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک ، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە.

[22] موساش گوتی: [یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن.

[23] جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە.]

[24] «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە.

[25] ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، بە ئیبراهیمی فەرموو: [لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.]

[26] کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»

کرداری نێردراوان — Chapters