[1] کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم.
[2] کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لێی پاڕانەوە،
[3] تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن.
[4] فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.»
[5] ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»
[6] دوای هەشت تاکو دە ڕۆژ لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، فەرمانی دا پۆڵس بهێنن.
[7] کاتێک هات، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیم هاتبوون لێی کۆبوونەوە، تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.
[8] ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»
[9] بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»
[10] پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، خۆت باش دەزانیت.
[11] ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»
[12] ئینجا فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکاران قسەی کرد و وەڵامی دایەوە: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»
[13] دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن.
[14] کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا، گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت.
[15] کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.
[16] «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت.
[17] کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم، فەرمانم دا پیاوەکە بهێنن.
[18] کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تاوانێکی وایان نەهێنا لەوەی بیرم بۆی دەچوو،
[19] بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەت هەبوو تایبەت بە ئایینیان و دەربارەی پیاوێکی مردوو بە ناوی عیسا کە پۆڵس دەڵێت زیندووە.
[20] کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەبارەی ئەم شتانە دادگایی بکرێت.
[21] بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپڕاتۆر بهێڵرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»
[22] ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»
[23] بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە ئاهەنگێکی گەورەوە هاتن، لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شار هاتنە هۆڵی گوێگرتن، فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا.
[24] فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووانی لەگەڵماندان: ئەم پیاوەی دەیبینن، هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە، هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت.
[25] بەڵام بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپڕاتۆر، بڕیارم دا بینێرم.
[26] بەڵام لەبارەی ئەمە شتێکم نییە بە دڵنیایی بۆ قەیسەری خاوەن شکۆ بینووسم. بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم،
[27] چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»