Skip to content
Opens in a new window
Listen to this chapter • 8:19

[1] کە ڕۆژی پەنجایەمین داهات، هەموو پێکەوە لە یەک شوێندا بوون،

[2] لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون.

[3] ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە.

[4] جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.

[5] لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە.

[6] کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان.

[7] حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟

[8] ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟

[9] ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا،

[10] فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن ، هەروەها میوانەکانی ڕۆما،

[11] جولەکە و بەجولەکەبوو، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.»

[12] هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»

[13] هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»

[14] پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، دەنگی بەرزکردەوە و پێی ڕاگەیاندن: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن،

[15] چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی بەیانییە!

[16] بەڵکو بەهۆی پێغەمبەر یۆئێل گوتراوە:

[17] «[خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم. کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت، پیرانتان خەون دەبینن.

[18] تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم، لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.

[19] لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو و لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم: خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.

[20] خۆر دەبێتە تاریکی و مانگیش دەبێتە خوێن، بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.

[21] جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە، ڕزگاری دەبێت.]

[22] «پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن.

[23] ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان.

[24] بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.

[25] سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی: «[هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی، لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.

[26] بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە، تەنانەت جەستەشم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،

[27] چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت، هەروەها ڕێگا نادەیت ئەو کەسەی ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.

[28] ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم، تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.]

[29] «برایان، ڕێگا دراوە بە ئاشکرا پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە.

[30] ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا بە سوێند سوێندی بۆ خواردووە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.

[31] پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی کرد، نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو.

[32] ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی.

[33] ئینجا بۆ لای دەستە ڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن.

[34] داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت: «[یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو: ”لە دەستەڕاستم دابنیشە

[35] هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ بۆ پێیەکانت.“]

[36] «بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیایی بزانن، ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»

[37] کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»

[38] پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن.

[39] ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»

[40] بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.»

[41] ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.

[42] ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی ، لەتکردنی نان و نوێژکردن.

[43] هەموو لە ناخدا سام گرتوو بوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران.

[44] باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون.

[45] ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد.

[46] ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد،

[47] ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.

کرداری نێردراوان — Chapters